هەواڵی ئەمڕۆ

خوێندنگایه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر سوتا

- 6/6/2019 3:10:00 PM 19517 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر
 
ئاگر له‌ خوێندنگه‌ی ره‌هه‌ند له‌ شاری هه‌ولێر كه‌وته‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێنج كابینه‌ی خوێندنگایه‌كه‌ سوتان و زیانی ماددی زۆر به‌ر خوێندنگایه‌كه‌ كه‌وت.

په‌یامنێری خه‌ندان له‌ شاری هه‌ولێر رایگه‌یاند ، پێش نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ ئاگر له‌خوێندنگای ره‌هه‌ندی بنەڕەتی لە گەڕەکی شه‌هیدان له‌ شاری هه‌ولێر كه‌وته‌وه‌ ، به‌هۆیه‌وه‌ له‌ نۆ كابینه‌ی خوێندنگایه‌كه‌ پێنج كابینه‌ی سوتان و زیانی زۆری به‌ر خوێندنگایه‌كه‌ گه‌یاند .

شایه‌تحاڵان هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ سوتانی پوش و په‌ڵاشی ده‌روبه‌ری خوێندنگایه‌كه‌ دواتر ئاگره‌كه‌ به‌ربۆته‌ خوێندنگایه‌كه‌ ، له‌ لایه‌ن دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ش به‌شێكی كه‌لوپه‌لی خوێندنگایه‌كه‌ له‌ سوتان ده‌رباز كراون.

خوێندنگای ره‌هه‌ندی بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاو كه‌وتۆته‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدان له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر - كه‌ركوك، خوێندنگایه‌كه‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ دروستكراوه‌ و له‌ نۆ كابینه‌ پێكهاتوه‌، به‌هۆی ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ به‌شێكی خوێندنگایه‌كه‌ سوتا و زیانی زۆری مادی به‌ركه‌وت، له‌و گه‌ڕه‌كه‌ش ته‌نها ئه‌و خوێندنگایه‌ دروستكراوه‌ كه‌ زۆربه‌ی خوێندكاره‌كانی منداڵ و كه‌سوكاری شه‌هیدانن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP