"لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بەرهەم بۆ تورکیا"
تورکیا کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی عێراق دەکات

- 6/5/2019 7:06:00 PM 4415 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەیسەڵ ئێرۆغلو، نوێنەری سەرۆکایەتی تورکیا لە عێراق رایگەیاند، تورکیا لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و بەنداوەکانی عێراق.

ئێرئۆغلو لە کۆنفرانسێکدا بە رۆژنامەنوسانی وت" ئەو دەستپێشخەریە دوای سەردانەکەی سەرۆک بەرهەم، سەرۆککۆماری عێراق هات بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان".

" لیژنەکە لە 151 پسپۆری تایبەت پێکدێت کار لە سەر کێشەی ئاوی خواردنەوە، بەنداو و گلدانەوەی ئاوی ژێر زەوی و باراناو دەکەن" ئێرئۆغلو وای وت.

هەفتەی رابردو، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و د. سەرباخ، خانمی یەکەمی عێراق بەسەردانێکی تایبەت سەردانی تورکیا-یان کرد و لە ئێوارە خوانێکدا بونە میوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئێمینێ ئەردۆغان، خانمی یەکەمی تورکیا.

دوای ئێوارە خوانەکە، سەرۆککۆماری عێراق و هاوتا تورکەکەی لە  کۆشکی کۆماری تورکیا لە ئیستانبوڵ کۆبونه‌وه‌ و دۆخی سیاسی ناوچه‌که‌ و په‌یوه‌ندی دوقۆڵی نێوان عێراق و تورکیایان تاوتوێ کرد،  باسیان لە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرد، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جەختیان لە گرنگی ھاریکاری و دیالۆگی جددی کردەوە لە نێوان گشت لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان و دورکەوتنەوە لەزمانی ھەڕەشە، سه‌ره‌ڕای به‌رقه‌رارکردنی سەقامگیری ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی ئابووری. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP