به‌ وێنه‌..لە خوێندنگەیەكی هیندستان "پاشماوەی پلاستیكی" كرێی خوێندنە

- 6/5/2019 6:56:00 PM 11011 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەموو بەیانیەك لەگەڵ جانتاكانیاندا، منداڵانی ئەو خوێندنگەیە عەلاگەیەكی پلاستیكی پڕ لە پاشماوەی پلاستیكیان پێیە كە لە رێگایاندا بۆ قوتابخانە كۆیانكردوەتەوە، چونكە خوێندنگە پاشماوە پلاستیكەكان وەك كرێی خوێندن وەردەگرێت.

ساڵی 2016 پارمیتا سارما و مەزن موختار بە مەبەستی وانە وتنەوە بەو منداڵانەی بە هۆی نەداریەوە لە خوێندن دابڕاون،خوێندنگەیەكی بچوكیان بە ناوی (ئاكشار)لە هیندستان بنیادنا، بەڵام دواتر ئەو خوێندنگەیە بوە خاڵی وەرچەرخان بۆ ناوەندەكانی پەروەردە و فێركردن.



پارمیتا و مەزن هەردوكیان بێجگە لە پیشەی پەروەردە و فێركردن، چالاكوانی كۆمەڵایەتین و ئەوەش هانیدان هەوڵبدەن لە رێگەی پیشەكەیانەوە چارەسەری چەند كێشەیەكی بنچینەیی كۆمەڵایەتی و ژینگەیی لەو ناوچەیدا بكەن كە خوێندنگەكەیان تێدا بنیادناوە.

لە یەكەم هەنگاویاندا، كەس و كاری ئەو منداڵانەیان بە سەختی رازیكردوە تا رێگەیان بدەن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن، چونكە منداڵانی ئەو ناوچەیە بەهۆی نەداریەوە كاتەكانیان بە كاركردن بەسەربردوە.



لە سەرەتادا خوێندگەكە هیچ بەرامبەرێكی بۆ خوێندنی منداڵەكان دانەنابو، بەڵام دوای ئەوەی پارمیتا و مەزن بینیان دانیشتوانی ناوچەكە بە مەبەستی گەرمكردنەوەی خۆیان، پاشماوە پلاستیكیەكانیان دەسوتاند و كە بە هۆیەوە دوكەڵی ژەهراوی ناوچەكەی دەگرتەوە، بڕیاریاندا لە رێگەی خوێندنگەكەی خۆیانەوە چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە.



لە ئێستادا منداڵانی ئەو خوێنگەیە بێبەرامبەر ناخوێنن، بەڵكو پێویستە لە بەرامبەر خوێندنیان لەو خوێندنگەیە پاشماوە پلاستیكیەكانی سەر شەقامەكانی نزیك ماڵی خۆیان كۆبكەنەوە و بیبەن بۆ قوتابخانە.

خوێندنگەی ئاكشار ناوەندی دوبارە بەكارهێنانەوەی تێدایە و منداڵەكان فێردەكرێن، ئەو پاشماوە پلاستیكیانەی كۆیانكردوەتەوە  وەك كەرەستەی بیناسازی بەكاریبهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا، لەبارەی مەترسیەكانی پلاستیك بۆ سەر ژینگە و مرۆڤایەتی رێنمایی دەكرێن.



له‌ هه‌مانكاتدا بە مەبەستی پاراستنی ئاژەڵان خوێندنگه‌كه‌ شێڵتەرێكی لەخۆگرتوە، كە بوەتە لانە بۆ ئاژەڵە بریندارەكانی سەر جادەكان و لەوێ لە لایەن خوێ"دكارەكانەوە پاكدەكرێنەوە و دەرمانی تایبەتیان پێدەدرێت.  

ئەو خوێندنگەیە لە ئێستادا بوەتە ناوەندێكی هۆشیاری ژینگەیی و چەندین ناوەندی خوێندن و پەروەردەیی شوێنپێی هەنگاوەكانیان هەڵگرتوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP