هەسەدە: دو ژن و شەش منداڵ رادەستی واشنتن كراونەتەوە

- 6/5/2019 2:21:00 PM 1456 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێكی كورد لە باكوری سوریا رایگەیاند "شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دو ژن و شەش منداڵیان رادەستی حكومەتی واشنتن كردوەتەوە".

له‌سه‌ر داوای واشنتن ئه‌و ژن و منداڵانه‌ نێردراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا



بەرپرسێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات  ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند "لەسەر داوای حكومەتی واشنتن، هێزە كوردیەكان لە باكوری سوریا دوو ژن و شەش منداڵیان رادەستی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كردوەتەوە".

148 كه‌س له‌ كه‌سوكاری داعش گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئۆزبه‌كستان



كۆتا پرۆسەی رادەستكردنەوەی ژنان و منداڵانی چەكدارانی داعش لە لایەن شەڕڤانانەوە هەفتەی رابردو ئەنجامدرا، كە لە پرۆسەكەدا 148 ژن و منداڵی چەكدرانی داعش گەڕێندرانەوە بۆ ئۆزبەكستان، هاوكات پێنج منداڵی بێدایك و باوك رادەستی دەسەڵاتدارانی نەرویج كرانەوە.

لە هەمانكاتدا ، یەكشەممەی رابردو 2ی حوزەیران، ئیدارەی كوردی لە باكوری سوریا رایگەیاند " لەسەر داوای شێخەكانی خێڵە عەرەبەكانی ناوچەكە، 800 ژن و منداڵی چەكدارانی داعش، لە كامپی ئەلهەول لە حەسەكە نێردراونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان".

كامپەكانی باكوری سوریا لە ئێستادا 12 هەزار بیانی لەخۆدەگرێت، كە پێكهاتون لە چوار هەزار ژن و هەشت هەزار منداڵ لە خێزانی چەكدارە بیانیەكانی داعش، ئەو بیانیانە لەژێر چاودێریەكی توندی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە نزیك شارەكان لەناو ژمارەیەك كەمپدا جێگیركراون.

ئەوەش لەكاتێكدایە، فرەنسا و ژمارەیەك وڵاتی دیكە، ئامادە نین چەكداران و هاوسەری ئەو چەكدارانە لە هەسەدە وەربگرنەوە كە بە رەگەز خەڵكی وڵاتەكانی خۆیانن، بەڵام فرەنسا لە ماوەی رابردودا رایگەیاند "ئامادەیە تەنها ئەو منداڵانە وەربگرێتەوە كە دایك و باوكیان لە ژیاندا نەماوە و منداڵی چەكدارە بەرەگەز فرەنسیەكانی داعش-ن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP