بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە سێ پێشمەرگە برینداربون

- 6/5/2019 11:08:00 AM 5287 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر سنورەكانی باشوری كوردستان بەردەوامی هەیە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانە ئەمڕۆ چوارشەممە سێ پێشمەرگە برینداربون.

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ رایانگەیاند، دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ فرۆكە جەنگیەكانی سوپای توركیا ناوچەكانی سنوری برادۆست-یان بۆردومانكردوە، بەهۆیەوە ئاگر كەوتوەتەوە و لە ئاكامدا سێ پێشمەرگەی یەكەی 80 برینداربون كە برینی یەكێكیان سەختە.

ئاماژە بەوەشكراوە، فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گوندی مێرگەرەش-یان لە ناوچەی دەشتی هێرت لە سنوری برادۆست كردوەتە ئامانج، دواتر بەهۆی بۆردومانەكەوە ئاگر لە ناوچەكە كەوتوەتەوە و سێ پێشمەرگەی یەكەی 80 لەمیانی هەوڵدانیان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە برینداربون.

بەپێی زانیاریەكان، كاتێك ئەو سێ پێشمەرگەیە بە مەبەستی كوژاندنەوەی ئاگرەكە چونەتە ئەو ناوچەیە، دوبارە فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆردومانی گوندەكەیان كردوە و بەهۆیەوە هەرسێ پێشمەرگەكە برینداربون و یەكێكیان قاچێكی لەدەستداوە.

هاوكات ئەوەش راگەیەندراوە، لەو سێ پێشمەرگەیە دوانیان بران و ئەوی دیكە ئامۆزایانە و برینەكەی سەختە.  


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP