هەردو وڵاتی هاوپەیمان گرێبەستی ئابوری گرنگ واژۆ دەکەن
ئەمریکا و بریتانیا: سورین لەسەر ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

- 6/4/2019 9:24:00 PM 3977 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاشکرایانکرد، سورن لەسەر ئەوەی رێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا بەسەردانێکی شاهانە لەبریتانیایە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا لەگەڵ تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رایانگەیاند، پەیوەندیە ئابورییەکانیان بۆ سێ هێندەی ئێستا بەهێز دەکەن و رێگەش نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سوپاسی بریتانیای کرد بۆ بەشداریکردنی لە شەڕی دژی داعش و وتی، "وەک چەند مانگێک لەمەوبەر رامگەیاندبو کۆتایی بە خەلافەتەکەی داعش لە عێراق و سوریا هێنراوە".
بریتانیا هاوبەشێکی سەرەکیـیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بریتانیا هاوبەشێکی سەرەکیـیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و پـێکەوە رێکەوتوین لەسەر تەرخانکردنی پارەی زیاتر بۆ بوجەی سەربازی".

دۆناڵد ترەمپ هەروەها داواشی لە وڵاتانی ناتۆ کرد لەسەدا 2ی داهاتی ساڵانەیان بۆ هاوپەیمانێتیـیەکەیان تەرخان بکەن.
لە نێو ئەو هەڕەشانەی وڵاتانی ناتۆ ڕوبەڕوی دەبنەوە، دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە کە ڕەنگە گەورەترین هەڕەشە بێت بۆیان

 

ئەوەشی خستەڕو، "لە نێو ئەو هەڕەشانەی وڵاتانی ناتۆ ڕوبەڕوی دەبنەوە، دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە کە ڕەنگە گەورەترین هەڕەشە بێت بۆیان،  ئەمریکا و بریتانیا سورن کە ئێران چەکی ئەتۆمی دروست نەکات و واز لە پشتیوانیکردنی تێرۆرزم بهێنێت".

لەبارەی پەیوەندیە ئابوریەکانی نێوان ئەمریکا و بریتانیا ترەمپ وتی، "لە دوای چونە دەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوا هەردو وڵاتی هاوپەیمان گرێبەستی ئابوری گرنگ واژۆ دەکەن".
ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ باسمان لە گرنگی پـێکەوە کارکردنی هەردو وڵات کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

هاوکات تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ باسیان لە گرنگی پـێکەوە کارکردنی هەردو وڵات کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگەگرتن لەوەی ئەو وڵاتە ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
رۆژانە یەک ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکایی بۆ کۆمپانیا بریتانیـیەکان کار دەکەن

 

مەی هەروەها وتیشی، "پەیوەندیە ئابوریەکانی نێوان بریتانیا و ئەمریکا لە ئاستێکی باشدایە و رۆژانە یەک ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکایی بۆ کۆمپانیا بریتانیـیەکان کاردەکەن و هەروەها یەک ملیۆن هاوڵاتی بریتانی بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان کاردەکەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP