ئۆپۆزسیۆنی سودان پلانی ئەنجومەنی سەربازی بۆ هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە

- 6/4/2019 5:09:00 PM 1533 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پاش توندوتیژییەکانی دو رۆژی رابردوی سودان کە بەخوێناویترین خۆپیشاندانی پاش دەسەڵاتی عومەر بەشیر لێکدرایەوە، ئۆپۆزسیۆنی سودان پلانی ئەنجومەنی سەربازی ولاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی نۆ مانگی داهاتودا رەتکردوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پاش توندوتیژییەکانی دو رۆژی رابردوی سودان کە بەخوێناویترین خۆپیشاندانی پاش دەسەڵاتی عومەر بەشیر لێکدرایەوە، ئەمڕۆ سێشەمە ئۆپۆزسیۆنی سودان پلانی ئەنجومەنی سەربازی ولاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی نۆ مانگی داهاتودا رەتکردوە.

دوێنێ دوشەمە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئاسایشەوە لەکەمپێکی ناڕەزایەتی خەڵک لەنزیکی وەزارەتی بەرگری سودان لانیکەم 35 کەس کوژران و روداوەکەش وەک خوێناویترین رۆژی دوای سەردەمی عومەر بەشیری سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە لێکدرایەوە.

ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر کە پاش لەسەرکارلابردنی عومەر بەشیری سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە کاروباری حکومەت بەڕێوەدەبات تەواوی رێکەوتنەکانی لەگەل ئۆپۆزسیۆن هەڵوەشاندوە.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام دەبێت

لەبەرامبەردا، مادانی عەباس سەرکردەی هاوپەیمانی ئازادی و گۆڕانکاری رایگەیاند خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام دەبێت تا دورخستنەوەی ئەنجومەنی سەربازی لەسەر حکوم.
کوشتن و بریندارکردن و راوەدونانی خەڵکی لەماوەی دو رۆژی رابردودا ئاماژەیە بۆ سەپاندنی حوکمی سەربازی

لەگەڵ رەتکردنەوەی پلانی ئەنجومەنی سەربازیدا، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سودان رایگەیاند " کوشتن و بریندارکردن و راوەدونانی خەڵکی لەماوەی دو رۆژی رابردودا ئاماژەیە بۆ سەپاندنی حوکمی سەربازی و چەوساندنەوەی خەڵکی سودان." 

دوێنێ دوشەمە خەرتومی پایتەختی سودان لەدۆخێکی تەواو نەخوازراو نائارامدابو، سەری کۆڵانەکانی ئەو شارە لەلایەن خەلکەوە تەنرابون، هاتوچۆی هاوڵاتی و ئۆتۆمبێل تاڕادەیەکی زۆر راگیرابو، ئاگرو سوتاندنی تایە زۆربەی شوێنەکانی تەنیبو.

نیشانەکردن :

#سودان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP