دیارییەکانی تێریزامەی بۆ ترەمپ هەرای نایەوە
"رەگەزپەرستی لەبەخشینی دیارییەکاندا کراوە"

- 6/4/2019 4:24:00 PM 98970 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەخشینی دیاری سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بەهەریەک لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و مێلانیای هاوسەری رەخنەی توندی لێگیراو "بەرەگەز پەرستی" لێکدرایەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئیندیپێندنتی بریتانی، تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا یادگارییەکی بەنرخی مێژویی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد کە یادەوەری جەنگی جیهانی دوەمە، بەڵام تەنها سێتێکی چایی پێشکەشی مێلانیای خێزانی کردوە، ئەوەش ناڕەزایەتی (داون ستریت)ی لێکەوتۆتەوە و بە " رەگەزپەرستی" لێکدرایەوە.
دیارییەکی تێریزامەی بۆ ترەمپ رەشنوسی راگەیەنراوی دو سەرکردەی دیاری ئەمریکا و بریتانیایە

دیارییەکی تێریزامەی بۆ ترەمپ رەشنوسی راگەیەنراوی هاوبەشی نێوان وینستن چێرچڵی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و سەرۆک فرانکلن رۆسەڤێڵتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکایە کە لە 14ی ئابی 1941 دا وەک دو هاوپەیمانی خاوەن ئامانجی هاوبەش لەماوەی جەنگی جیهانی دوەمدا راگەیەنرا.

دۆناڵد ترەمپ سەرسامە بە وینستن چێرچڵی ناودار و سەرکردەی مێژویی بریتانیا کەتوانیویەتی  بە سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی پێگەیەکی بەهێزی مێژویی بۆخۆی تۆماربکات.

دیارییەکەی مێلانیا سێتێکی ئامادەکردنی چایە

هەرچەندە دیارییەکەی مێلانیا سێتێکی گرانبەهای تایبەتە لەلایەن دیزاینەری بەناوبانگی بریتانی (ئیما برجۆتەر) دروستکراوە، بەڵام پێشکەشکردنی ئەو سێتە وەک رەگەزپەرستی و گەڕانەوە بۆ رۆڵی رەگەزی رابردو وێناکرا کە ژنی وەک خزمەتکاری ماڵ و پاراستنی جوانییەکانی ناوماڵ دادەنا.
دیارییەکان زۆر بەئاگایانە هەڵبژێردراون

هەرچەندە، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رونکردنەوەی لەوبارەیەوەدا و رایگەیاند دیارییەکان زۆر بەئاگایانە هەڵبژێردراون و سێتی چاش وەک هیواخواستن بۆ گەشتێکی سەرکەوتو دانراوە، بەڵام رونکردنەوەکە رەخنەگرانی نەهێنایە ژێرباری نیازەکانی سەرۆک وەزیران.

وەک رەخنەگرێک، جۆ سوینسن جێگری سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکراتەکان دیاری خانمی یەکەمی ئەمریکای بە کەمنرخی ژنان لێکدایەوە.

لای خۆشییەوە داون بوتڵەر وەزیری سێبەری ژنان و یەکسانی رایگەیاند " دیارییەکەی هاوسەری دۆناڵد ترەمپ تێڕوانینێکی کۆنی بەسەرچوە لەباری رۆڵی جێندەری لەمێژوی بریتانیادا."

دوێنێ دوشەممە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەسەردانێکی شاهانە گەشتە بریتانیا و لەلایەن شاژنی بریتانیا و ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردەی ساسی و ناودارانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی کرا.

نیشانەکردن :

#به‌ریتانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP