ترەمپ بەڵێنی رێکەوتنێکی بازرگانی گەورە بە بریتانیا دەدات

- 6/4/2019 3:04:00 PM 5853 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا بەسەردانێکی شاهانە لەبریتانیایە رایگەیاند دوای برێگزت گرێبەستێکی بازرگانی زۆر باش لەگەڵ بریتانیا واژۆدەکات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەدوەم رۆژی سەردانە شاهانەکەیدا بۆ بریتانیا چەند پەیامێکی سیاسی ئاراستەی جیهان کرد و لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و بریتانیا رایگەیاند پاش دەرچونی بریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا گرێبەستێکی بازرگانی زۆر باش لەگەڵ بریتانیا واژۆدەکات.
چاوی بە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا کەوت

ترەمپ کە کە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەسەر سەردانەکەی دروستبو، ئەمڕۆ سێ شەممە چاوی بە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا کەوت و تێیدا تاوتوێی پرسی هواوی و دامەزراندنی تۆڕی (5G) لەگەڵ کردون.

رۆژێک پێش گەشتنی بۆ بریتانیا، ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ بۆریس جۆنسنی وەزیری پێشوی دەرەوە دەربڕی و بەیەکێک لەکاندیدە زۆر باشەکان وەسفیکرد، راوێژکارەکانیشی داوایان لە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی بریتانیا کرد هواوی لە تەکنۆلۆژیای مۆبایلی پێشکەوتو بلۆک بکات.
پاش برێگزت رێکەوتنێکی بازرگانی زۆر گرنگ و باشمان لەگەڵ بریتانیا دەبێت

لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەکۆشکی ( ست جەیمس) کە 500 ساڵە کۆشکی شاهانەی بریتانیایە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند " پاش برێگزت رێکەوتنێکی بازرگانی زۆر گرنگ و باشمان لەگەڵ بریتانیا دەبێت، رێکەوتنێک کە هەردولامان دەمانەوێت." 

لای خۆشییەوە تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا کە رۆژی هەینی داهاتو دەستلەکاردەکێشێتەوە رایگەیاند " پێویستە بریتانیا و ئەمریکا پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی بازاڕی ئازاد و کراوە بەجۆرێک هەردولایەن سودمەند ببن." 

نیشانەکردن :

#برێکزیت_Brexit

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP