عێراق فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دو داعشی دیکەی فەرەنسی دەرکرد

- 6/3/2019 4:43:00 PM 729 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
دادگایەکی عێراقی بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی داعش، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دو چەکداری داعشی بەرەگەز فەرەنسی دەرکرد و بەوەش ژمارەی سزادراوانی فەرەنسی بۆ 11 کەس بەرزبوەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە دادگایەکی عێراقی بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی داعشدا، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دو چەکداری داعشی بەرەگەز فەرەنسی دەرکرد.
 

لەئێستادا عێراق پرۆسەی دادگایکردنی هەزاران چەکداری دەستگیرکراوی داعشی دەستپێکردوە کە بەشێکی زۆریان بیانین.

هەفتەی رابردوش فەرمانی لەسێدارەدان بۆ حەوت دەستگیرکراوی داعشی بەرەگەز فەرەنسی دەرکرا و دوێنێش دو چەکداری دیکە روبەروی هەمان سزا کرانەوە.
حکومەتی فەرەنساش رایگەیاند دژی بڕیاری لەسێدارەدانن، بەڵام رێز لە یاساکانی حکومەتی عێراق دەگرن.

داواکارێک لەداگای راسپێردراو دەڵێت " بڕیاری ئەمڕۆی دادگای عێراق بۆ لەسێدارەدانی دو چەکداری دیکەی بەرگەز فەرەنسی ژمارەی فەرەنسییەکان دەگەیەنێتە 11 چەکدار."

ئەو داواکارە وتیشی " بەڵگەی پێویست لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ئەو چەکدارە بەگەز فەرەنسیانە لەسێدارە بدرێن، چونکە چەکداری داعش بون و بەشداری شەڕەکانیان کردوە، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگا دەتوانن داوای تێهەڵچونەوەی بڕیارەکە بکەن.

رۆژی سێشەممەی رابردو، جیان لیدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند تەواوی هەوڵە دپلۆماسییەکانی خۆیان خستۆتەگەڕ تا بتوانن رێگری لە لەسێدارەدانی چوار لەو چەکدارە بەرەگەز فەرەنسیانە بگرن.

هاوکات، ئەوەش زانراوە سێ دەستگیرکراوی دیکەی داعش کە بەرەگەز فەرەنسین لەدادگای لێکۆڵینەوەن.

نیشانەکردن :

#فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP