هەواڵی ئەمڕۆ

نرخی نەوتی خاو دابەزینی بەخۆوەبینی

- 6/3/2019 8:48:00 AM 2366 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كاریگەریەكانی جەنگی بازرگانی چین- ئەمریكا و كەمی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت بونەتە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزێت.

دوای ئەوەی هەینی رابردو 31ی ئایار، نرخی نەوتی خاو بە رێژەی لەسەدا سێ دابەزی، بەهۆی ئەو جەنگە بازرگانیەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە مانگی رابردودا لەگەڵ چین دەستی پێكردوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لەگەڵ كەمكردنەوەی رێژی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە لایەن رێكخروای وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك)ەوە، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بە رێژەی لەسەدا یەك دابەزینی بەخۆوە بینی.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت كردویەتیە 61.12 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا، بەوپێیە و بە بەراورد بە نرخی برێنت لە كۆتا مامەڵەی هەینی رابردودا، 87 سەنت و بەرێژەی لەسەدا 1.4 نرخەكەی دابەزیوە.

هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا، 59 سەنت و بە رێژەی 1.1 دابەزینی تۆماركردوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 52.91 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا. 

بەپێی شارەزایانی ئابوری و بازرگانی، هۆکارێکی دیکە لە دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا كەمی خواستە لەسەر ئەو بەرهەمە، سەرەڕای ئەوەی جەنگی ساردی نێوان هەریەكە لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا كاریگەری راستەوخۆی دروستكردوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر وەبەرهێنانە نەوتییەكانی ڤەنزوێلا كە یەكێكە لە گەورە وەبەرهێنەرانی ئەو بەرهەمە بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكان، هاوكات لەگەڵ سزاكانی واشنتن بۆ سەر تاران، كاریگەریەكی بەرچاویان لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخەكانی نەوت هەبوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP