سەرۆك بەرهەم بەفەرمی بانگهێشتی هەولێر كرا
خەندان ئامادەكاریەكانی پارتی بۆ مەراسیمی سەرۆكایەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە

- 6/3/2019 12:17:00 AM 108546 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارەی 10 ی مانگ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، مەراسیمی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتنامەی فەرمی ئاراستەی سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست خەندان كەوتوە، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، لەرێگەی نوسینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بانگهێشتنامەی بۆ مەراسیمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان بەدەستگەیشتوە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوە تایبەتە، هێشتا دیار نییە كە ئایا سەرۆك كۆماری عێراق، لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم ئامادە دەبێت یاخود نا.

لەماوەی رابردودا لە وتارێكدا، رێبوار كەریم وەلی ، رۆژنامەنوسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی، نوسیبوی "ئەگەر نەیەی نایەم!" و تیایدا باسی لە بانگهێشتنامەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت كردبو بۆ سەرۆك كۆماری عێراق بۆ بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

ئەو نوسەرە لە وتارەكەیدا نوسیوبوی،" پارتی لای خۆیان وایان داناوە كە وەكو دەستپێشخەرییەك و بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆككۆمار دكتۆر بەرهەم ساڵح بانگهێشتی هەولێر بكەن. بانگهێشتەكە بەشێوەیەك دەبێ كە هەم سەرۆكی هەرێم و هەم سەرۆكی حكومەتی داهاتوو بۆ دكتۆر بەرهەمی دەنێرن و، رەنگبێ هەمان بانگهێشتنامە بۆ سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان و كەسایەتییەكانی دیكەی بەغداش بنێردرێت".

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەشكردوە كە،"مەراسیمێكی شاهانە دەبێت. بەسەدان دیپلۆمات، سیاسەتمەدار و كەسایەتی لە سوێندخواردنی دوەم سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بەشدار دەبن. بەڵام بەپێی زانیارییەكان هەم سەرۆككۆمار و هەم سەرۆك وەزیرانی بەغداش گوتوویانە بانگهێشتەكە چۆن بێت ئاوا وەڵامی دەدەنەوە. واتا ئەگەر بە نامە دەعوەتیان بكەن، ئەوانیش بە نامە جواب دەدەنەوە. ئەگەریش بە حزوری بانگهێشت بكرێن، ئەوا ئەوانیش بە حزوری ئامادە دەبن".

هەر بەپێی زانیاریەكانی خەندان، لەئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمو هەوڵە دیبلۆماتیەكانی خستۆتەكار و بەشێوەیەكی فەرمی بانگهێشتنامەی بۆ نوێنەر و باڵیۆز و بەرپرسانی بەشێكی زۆر لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان ناردوە تا لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی ئامادەبن، مەراسیمەكەش لەلایەن كۆمپانیایەكی تایبەتی بریتانی و دەستەی پرۆتۆكۆلی نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دەكرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP