وەزیری بەرگری چین: ئەگەر جەنگ لەنێوان واشنتن و پەكین روبدات كۆتاییەكەی دەبێتە كارەسات

- 6/2/2019 5:04:00 PM 1272 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری چین لەبارەی ئەگەری پێكدادانی سەربازی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و وڵاتەكەی هۆشداریدا و رایگەیاند "هەر جەنگێك لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا روبدات ئەنجامەكەی دەبێتە كارەسات".

چین تا كۆتاییی دەجەنگێت

ئەمڕۆ یەكشەممە، ویی فینگهێ، وەزیری بەرگری چین لەمیانی لێدوانێكیدا لە بەردەم كۆنگرەی ئاسایشی (شانگری-لا) لە سەنگاپورە رایگەیاند "ئەگەر ویلایەتە یەكگرتوەكان دەیەوێت ململانێی بازرگانی ئەنجامبدات، لە ئەگەری هەر روبەڕوبونەوەیەكی سەربازی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و وڵاتەكەی، چین تا كۆتایی دەجەنگێت".

 

هەوڵەكان بۆ جیاكردنەوەی تایوان لە چین سەرناگرێت

 

 

سەبارەت بە دۆزی دورگەی تایوان فینگهێ ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی دورگەی تایوان لە چین و دابەشكردنی ئەو وڵاتە  سەرناگرێت و "هەر دەستێوەردانێك لە دۆزی تایوان بە شكست كۆتاییپێدێت"، لەوبارەیەوە وەزیری بەرگری چین وتی "لە ئەگەری هەر هەوڵێكی لەو جۆرە، چین پەیماندەدات تا كۆتایی بجەنگێت".

لە ئەگەری سنوربەزاندنی هەر لایەنێك پەكین هەڵوێستی دەبێت

 

لە درێژەی وتەكانیدا وەزیری بەرگری چین وتی "نایانەوێت زیان بە هیچ لایەنێك بگەیەنن، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێك هێڵی سنور ببەزێنێت، لەسەر پەكین پێویستە  هەڵوێست وەربگرێت و سەرجەم دوژمنانی لەناوبەرێت".

هاوكات سەبارەت بە مانۆڕە سەربازیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە باشوری دەریای چین هەڕەشەیكرد و وتی "لە ژێر ناوی ئازادی جموجوڵی دەریاییدا هەندێك وڵات نمایشی هێزەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام ئەگەر هەر كەسێك هەوڵی جیاكردنەوەی تایوان بدات سەربازانی پەكین بێجگە لە پاراستنی یەكبونی نیشتیمانی هیچ هەڵبژاردەیەكی دیكەیان لەبەردەستدا نابێت".

 

بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان، چین دەرگاكانی واڵایە

 

سەرەڕای ئەو وتانە و هۆشداریدانی بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ویی فینگهێ رایگەیاند " بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان و چارەسەركردنی كێشەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن، دەرگاكانی وڵاتەكەی كراوەیە".

لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی ستراتیجی تایبەت بە ناوچەی كێشەلەسەری دەریای چینی باشور كە دەكەوێتە نێوان چین و ئەو وڵاتە لە زیادبوندایە و جەنگی بازرگانی نێوان چین-ئەمریكا بەردەوامی هەیە.

حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت و بەپێی لێداونی بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر پێویست بكات بە بەكارهێنانی هێز كۆنترۆڵی دەكەن.

حكومەتی واشنتن لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام بە یەكێك لە پشتیوانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو دورگەیە دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی ئەو ناوچەیە.

 


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP