نەوت کەمترین نرخی لە ماوەی شەش مانگی رابردودا تۆمارکرد

- 6/2/2019 10:11:00 AM 4210 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مەکسیک بۆ زیادکردنی نرخی گومرگ لەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی ئەو وڵاتە، گرژیی و بازاڕی گەرمی نەوت خاوبونەوەیەکی بەخۆوەبینی، نرخی نەوتیش نزیکەی لەسەدا سێ هاتەخوارەوە کە زۆرترین رێژەی دابەزینی نرخی نەوتە لەماوەی شەش مانگی رابردودا.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 2.38 دۆلار دابەزی کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا 3.6ی نرخی پێشوی، بەوەش  نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 64.49 دۆلاردا جێگیربو.

هاوکات، رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنت بۆ 64.37 دابەزی کە کەمترین نرخە لە 8ی ئاداری رابردوەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکی 3.09 دۆلار دابەزی کە دەکاتە لەسەدا 5.5ی نرخی پێشوی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک لە  53.50 دۆلاردا جێگیربو.

پێنجشەممەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گومرگی سەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی مەکسیک زیاددەکات، ئەگەر رێگە لە هاتنەناوەوەی نایاسایی پەنابەران نەگرێت.

دۆناڵد ترەمپ وتیشی رێژەی زیادکردنەکە لە لەسەدا 10 ەوە دەستپێدەکات و مانگانە تا رێژەی لەسەدا 25 زیاددەکرێت.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP