هه‌نگاریا به‌ بڕی یه‌ك ملیار دۆلار شارێكی ژینگه‌دۆست بنیادده‌نێـت

- 6/1/2019 11:19:00 PM 3790 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وڵاتی هه‌نگاریا له‌ پلانیدا هه‌یه‌ له‌ بنچینه‌وه‌ شارێك بنیادبنێت كه‌ به‌ وزه‌ی سه‌وز كاربكات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاربۆنی تێدا نه‌بێت، شاره‌كه‌ هه‌لی كاركردن و شوێنی نیشته‌جێبون بۆ سه‌دان كه‌س فه‌راهم ده‌كات.

كۆمپانیای فاكت-ی ئه‌ڵمانی، بڕی 1.1 ملیار دۆلاری بۆ پڕۆژه‌یه‌ك ته‌رخانكردوه‌ كه‌ پانتاییه‌كه‌ی 3.5 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ و پڕۆژه‌كه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ پێنج هه‌زار هه‌لی كاری هه‌میشه‌یی دروستبكات.

پڕۆژه‌كه‌ دروستكردن و بنیادنانی شارێكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مادده‌ی كاربۆنی تێدا نیه‌ و كاره‌كانی ئه‌و شاره‌ له‌ رێگه‌ی وزه‌ی خۆر و غاز-ی سروشتی ئه‌نجامده‌درێن، ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ سازبكات، تا له‌بری به‌كارهێنانی خه‌ڵوز و كاربۆن، وزه‌ی پاك و ته‌ندروست به‌كاربهێنن.

له‌ پلانه‌كه‌دا سیسته‌مێكی به‌كارهێنانی ئاو په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت كه‌ رێگه‌ نادات به‌ كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی ناوچه‌كه‌ و به‌كارهێنانی ئاو به‌پێی سیسته‌می پاراستنی هاوسه‌نگی رێژه‌كه‌ی جێبه‌جێده‌كرێت.

پێگه‌ی بڵومبێرگ وێنه‌ی پلانی شاره‌كه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری رۆژئاوای هه‌نگاریا و به‌پێی نه‌خشه‌ و پلانه‌كانی پڕۆژه‌كه‌، پێگه‌ی ئه‌و شاره‌  پانتاییه‌كی فراوانی تێدایه‌ كه‌ توانای زیادركردنی به‌رهه‌مه‌كانی سه‌زه‌ و میوه‌ی ئه‌وروپی هه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، پلانی شاره‌كه‌ هه‌زار باڵه‌خانه‌ و باخچه‌ی منداڵان و ناوه‌نده‌كانی تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌خۆده‌گرێت، له‌گه‌ڵ هۆتێل و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP