قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە

- 5/31/2019 8:17:00 PM 5959 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە پەیامێکدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و کوڕی جەلال تاڵەبانی، بۆ یادی دامەزراندنی 44 ساڵەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باشترین رێگە بۆ نوێبونەوەی یەکێتی بەستنی کۆنگرەیە.

 

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، پێویستە یەکێتی خۆی لەگەڵ سەرجەم ئەو تەحەدایانە بگونجێنێت کە ئەمڕۆ روبەڕوی کوردستان و یەکێتی و عێراقیش بونەتەوە، باشترین رێگەش بۆ نوێبونەوەی یەکێتی بەستنی کۆنگرەیە.


لەو پەیامەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، یەکێتی حزبێکە مێژووەکەی پڕە لە سەروەری و قارەمانی، حزبێکیش نییە کە تەنیا لە رابردوودا بژی، بەڵکو حزبێکە ئەمڕۆ خەبات دەکات لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. 

"لە دوا بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی بە شێوازێکی نوێ ھاتەوە نێو جەماوەرەکەی خۆی، بەڵێنی ئارامی و زیادکردنی ھەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی دا، بەڵێنی دا ئەو متمانەیەی دا کە دەنگدەری یەکێتی دای بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو بەڵێن و متمانەیە بەفیڕۆ نەدات" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: پێویستە یەکێتی خۆی لەگەڵ سەرجەم ئەو تەحەدایانە بگونجێنێت کە ئەمڕۆ روبەڕوی کوردستان و یەکێتی و عێراقیش بونەتەوە، باشترین رێگەش بۆ نوێبونەوەی یەکێتی بەستنی کۆنگرەیە.

قوباد تاڵەبانی، پشتگیری لەو ئەندامانە دەکات کە داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن و دەڵێت: منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی هەموە ئەو ئەندامانەی داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن و ئاماژە بۆئەوە دەکات و دەشڵێت: لە زاخۆ وە تا گەرمیان کادر و ئەندامانی یەکێتی داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن، کۆنگرە بۆ نوێبونەوە و بەھێزبونەوە و پێداچونەوە بە ئۆرگانەکان و سیاسەتەکانی یەکێتی و گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەبدەئانەی کە یەکێتی لەپێناویدا دروستبوە، کۆنگرەیەک بۆ دارشتنی سیاسەتێکی ژیرانە کە بتوانێت ئەمڕۆ کوردستان ببات بەرەو کەناری ئارامی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP