دوای بە ئامانجگرتنی وەتساپ.. ئایا بەراستی خزمەتگوزاری پاراستنی نامەكان جێی متمانەیە

- 5/30/2019 10:47:00 PM 7101 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چەند رۆژێك لەمەوبەر، كێشەیەك روبەڕوی خزمەتگوزاری پاراستنی تایبەتمەندی نامەكانی ئەپڵیكەیشنی وەتساب بوەوە،  ئەوەش بوە جێی نیگەرانی بەكارهێنەرانی ئەو بەرنامەیە.

كۆمپانیای وەتساپ هەفتەی رابردو داوای لە بەكارهێنەرانی كرد، نوێترین وەشانی ئەپڵیكەیشنەكە دابگرن و نوێیبكەنەوە، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت هەواڵێك راگەیەندرابو، كە پێدەچێت بەكارهێنەرانی ئەو ئەپڵیكەیشنە بێ ئەوەی خۆیان ئاگاداربن روبەڕوی هێرشی (سیخوڕیكردن) ببنەوە لەسەر مۆبایلەكانیان.

هێرشبەران لە رێگەی پەیوەندیكردنیان بە بەكارهێنەرانی وەتساپ، توانیویانە پرۆگرامێكی تایبەت بە سیخوریكردن لە مۆبایلەكانی ئەو كەسانە دابگرن كە بە ئامانجیان گرتون، بەوشێوەیە توانیویانە تەواوی تایبەتمەندیە كەسیەكانیان لە رێگەی ئەو پرۆگرامەوە دەستبكەوێت.

دوای ئەو روداوە، بەكارهێنەرانی ئەو ئەپڵیكەیشنە بەناوبانگە لەبارەی پاراستنی زانیاری و نامە كەسیەكانیان ترسیان لێنیشتوە، لەكاتێكدا وەتساپ مانگانە زیاتر لە 1.5 ملیار بەكارهێنەری هەیە.

لە ئێستادا وەتساپ خزمەتگوزاری (قفڵكردنی نامە و زانیاریەكان)ی پێشكەش بە بەكارهێنەرانی كردوە كە لەو رێگەیەوە دەتوانیت لە سەرەتاوە تا كۆتایی كۆد بخەیتە سەر سەرجەم زانیاری و نامەكان، خزمەتگوزاریەكە بە شێوەیەك دیزاینكراوە، كە تەنانەت كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیا ناتوانن ناوەرۆكی نامەكانیان دەستبكەوێت.

ئایا بەڕاستی خزمەتگوزاریی قفڵكردنی نامەكان پارێزراوە؟

پێگەی (تێك رادار) كە تایبەتە بە هەواڵی تەكنەلۆژیا دەڵێت، ئەو خزمەتگوزاریە لەسەر دانانی كۆد بۆ هەمو نامە و پەیوەندیە تەلەفۆنیەكان كاردەكات و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و یەك بە یەك ئەو كارە ئەنجامدەدات، بە شێوەیەك هیچ كەسێك نەتوانێت بگات بە ناوەرۆكی نامە و پەیوەندیە تەلەفۆنیەكان بێجگە لەو دو كەسەی ئاڵوگۆری نامە و پەیوەندیەكان دەكەن.

پێگەكە رونیكردوەتەوە "سەرەڕای ئەو هەنگاوەش، بەڵام لەكاتێكدا ئەگەر جیبەجێكردنی پرۆگرامەكە روبەڕوی مەترسی سیخوڕی و هاككردن ببێتەوە، ئەو خزمەتگوزاریە هیچ كارێكی پێناكرێت"، ئاماژەی بەوەشكردوە "پێدانی گرەنتی تەواو لە پاراستنی زانیاریەكان كارێكی زۆر سەختە".

لەو چواچێوەیەدا، شارەزایەكی بواری ئاسایش لە كۆمپانیا تەكنەلۆژیەكان دوپاتیدەكاتەوە، پاراستنی رێكارەكانی پارێزگاریكردن "جەنگێكی بەردەوامە، بەو واتایەی چارەسەرێكی بنەرەتی نیە و دەڵێت "نوێكردنەوەی وەشانەكانی ئەو ئەپڵیكەیشنانە بە مەبەستی پارێزگاریكردنە لە زانیاریەكان و گەر ئەو كێشەیە لە بنەڕەتدا چارەسەر بكرایە، پێویستی نەدەكرد ئەپڵیكەیشنەكە نوێبكرێتەوە".

لە كۆتایی وتەكانیدا ئەو شارەزایە وتی"هەڵوێستێكی جوانە كە بەكارهێنەران متمانەیان بە توانای كۆمپانیا گەورەكان هەیە لە رێگریكردنیان لە هێرشە بەردەوامەكانی سیخوڕیكردن و دڵنیان كە لە ماوەیەكی كورتدا چارەسەری دەكەن". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP