چین: ئەمریكا یاری بە ئاگر دەكات

- 5/30/2019 7:10:00 PM 2838 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی بەگری چین رایگەیاند "لە ئەگەری پشتگیری كردنی تایوان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەڵەیەكی گەورە دەكات و یاری بە ئاگر دەكات".

بە مەبەستی سەپاندنی خواستی خۆی بەسەر چیندا، تایوان بەكاردەهێنێت

 

ئەمڕۆ پێنجشەمە، وو شیانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پشتیوانیكردنی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ تایوان رایگەیاند "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەم دواییانەدا بە مەبەستی سەپاندنی خواستی خۆی بەسەر چیندا بە بەردەوامی هەوڵدەدات تایوان بەكاربهێنێت، بەڵام ئەوە خەون و خەیاڵە".

ئەمریكا یاری بە ئاگر دەكات و زیان بە پەیوەندیە سەربازیەكانی نێوانمان دەگەیەنێت

 


ئاماژەی بەوەشكرد "هەڵوێستەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی تایوان-ەوە(یاریكردنە بە ئاگر)، هاوكات بە توندی زیان بە پەیوەندیە سەربازیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و وڵاتەكەی دەگەیەنێت و ئاشتی و ئارامی ناوچەكە بە خراپی تێكدەدات".

پێشتریش حكومەتی چین رایگەیاندبو "لەبارەی مانۆڕە سەربازیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ئاوەكانی نێوان دورگەی تایوان و وڵاتەكەی نیگەرانە"، بە هەمانشێوە كۆبونەوەی نێوان دەیڤد لی، فەرماندەی ئاسایشی نیشتیمانی تایوان و جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكان چین-ی نیگەران كردبو.

ئەو لێدوانانەی بەرگری چین لەكاتێكدایە، بڕیارە هەریەك لە ویی فێنگهی، وەزیری بەرگری چین و پاتریك شاناهان، وەزیری بەگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سبەی هەینی 31ی ئایار لە سەنگافورە كۆبونەوە ئەنجامبدەن.

جەنگی بازرگانی ئەمریكا-چین لە بەردەوامیدایە

 

لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی ستراتیجی تایبەت بە ناوچەی كێشەلەسەری دەریای چینی باشور كە دەكەوێتە نێوان چین و ئەو وڵاتە لە زیادبوندایە و جەنگی بازرگانی نێوان چین-ئەمریكا بەردەوامی هەیە.

گەر پێویست بكات لەرێگەی بەكارهێنانی هێزەوە تایوان كۆنترۆڵدەكەین


حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت و بەپێی لێداونی بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر پێویست بكات بە بەكارهێنانی هێز كۆنترۆڵی دەكەن.

واشنتن سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی تایوان


حكومەتی واشنتن لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام بە یەكێك لە پشتیوانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو دورگەیە دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی ئەو ناوچەیە.


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP