بەپەلە

وەزارەتی کار: بۆ خزمەتی خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان شەو ڕۆژ لەیەک گرێدەدەین

- 5/30/2019 1:24:00 PM 2055 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، دوای جەژن كارەكان بە چڕی دەستپێدەكەن و بۆ خزمەتی كەمئەندامان شەو و رۆژ لەیەك گرێدەدەین.

داوا لە وەزارەتی دارایی دەکرێت پێنج ملیۆن دینار وەک هاوکاری بداتە خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری

 

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویکردوەتەوەو دەڵێت: دوای وردبینییەكی زۆر و راوێژێكی زۆر و بە هاوكاریی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بڕیاردرا نووسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی بەرزبكرێتەوە، بۆ هەموو ئەوانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن و دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، وەكو هاوكارییەك حكومەت پێنج ملیۆن دیناریان پێبدات.

 وەزارەتەکە دەشڵێت: هەمو ئەو رێنماییانەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە چەند ساڵی رابردودا دەریكردون دەبێت پێداچونەوەیان بۆ بكرێت، بەجۆرێك لە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەمو ئەو رێنماییانەی پەیوەندییان بە توشبوانی نەخۆشیی ئۆتیزمەوە هەیە، لە رێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە پێداچونەوەی وردیان بۆ بكرێت، بتوانرێ خزمەتی زیاتری توشبوانی ئۆتیزم بكەن. 

دوا ڕۆژی ئەنجامدانی پشکنینی ئەو لیژنە پزیشکییەی ماوەیەكی زۆرە  خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان دەپشكنن 20-6-2019 دەبێت

 

هاوکات لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا دوا ڕۆژی ئەنجامدانی پشکنینی ئەو لیژنە پزیشکییەی ماوەیەكی زۆرە خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان دەپشكنن 20-6-2019 بێت، دوای ئەم رۆژە ناوی دەرچوان لە لیژنە پزیشكیەکە لە كۆمپیوتەر تۆماربكرێت و بە لیستێكی جیاواز بەرزبكرێتەوە، بۆئەوەی موچەكانیان پێبدرێت. 

 وەزارەتی کار رونیشیکردوەتەوە، دەبێت نوسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی بەرزبكرێتەوە، بۆ هەموو ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، وەكو هاوكارییەك حكومەت پێنج ملیۆن دیناریان پێبدات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP