"پڕۆسه‌ی سیاسی و حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ستێنین"
هۆشیار زێباری: كێشه‌ی یه‌كێتی كێشه‌ی كه‌ركوك نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی باڵه‌كانییەتی

- 5/30/2019 10:02:00 AM 9636 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌ندامێکی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگەیاند، بڕیاره‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ بەشدارینەکردن لە کۆبونەوەی پەرلەمان "نامه‌دروس بو"، دەشڵێت، "كێشه‌ی یه‌كێتی كێشه‌ی كه‌ركوك نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی باڵه‌كانییەتی هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت به‌شی خۆیان زیاتر بپچڕن".

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌ نێوان ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان هه‌مانبو ده‌بو هه‌مو لایه‌ك ئاماده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان بن و ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام جێگای سه‌رسوڕمان بو سه‌رمان سوڕما به‌ڕاستی كه‌ له‌ كۆتا ساتدا بڕیارێكی سیاسی هه‌بو له‌ناو باڵه‌كانی یه‌كێتی كه‌ به‌شداری نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی باش نه‌بو".

 هه‌مو كێشه‌ و نیگه‌رانیه‌كانی یه‌كێتیمان وه‌رگرت به‌دڵێكی فراوان، به‌ڵام به‌پێی ئه‌وله‌ویات، ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌م ده‌بێت پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هه‌مو كێشه‌ و نیگه‌رانیه‌كانی یه‌كێتیمان وه‌رگرت به‌دڵێكی فراوان، به‌ڵام به‌پێی ئه‌وله‌ویات، ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌م ده‌بێت پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت و یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار بكرێت و سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێت، هه‌ركاتێك حكومه‌تیش پێكهات ئه‌وكاته‌ بابه‌تی پارێزگاری كه‌ركوكه‌، دواتر كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایه‌ یان هه‌رێم و به‌غدایه‌ ئه‌مانه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام كتوپڕ به‌وجۆره‌ به‌ڕاستی وای بۆده‌چم بڕیارێكی نامه‌دروس بوو".

پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت ئومێده‌وارم به‌هاوكاری هه‌مو لایه‌ك ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكرێته‌وه‌

 

دەشڵێت، "پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت ئومێده‌وارم به‌هاوكاری هه‌مو لایه‌ك ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكرێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته‌ چه‌ترێك بۆ هه‌موو هێزه‌كان كه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات".

28ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 68 پەرلەمانتار نێچیرڤان بارزانی، بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد.

پێشتر پارتی به‌هه‌ڵوێستی یه‌كێتی نه‌زانیوه‌ تا ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

زێباری دەڵێت، "پێشتر پارتی به‌هه‌ڵوێستی یه‌كێتی نه‌زانیوه‌ تا ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، تا ئه‌و به‌یانیه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان براده‌رانی ئێمه‌ له‌سه‌ر خه‌تبون له‌ په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتی بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌بو كه‌ ده‌چنه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و به‌شداری دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، تا دوا سات لێدانی زه‌نگی ده‌ستپێكردنی دانیشتنی په‌رله‌مان، ئه‌وكات وتیان، ئێمه‌ بڕیارمان له‌ مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه‌ بۆ هاتوه‌ كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ نه‌كه‌ین".

كاتێك ئه‌وان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی كۆبونه‌ته‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن

 

رونیشیکردەوە، "كاتێك ئه‌وان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی كۆبونه‌ته‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن و له‌ سلێمانی به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێزان كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، كه‌من خۆم له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ بوم له‌گه‌ڵ براده‌رانی سه‌ركردایه‌تی هیچ باسی ئه‌وه‌نه‌بو كه‌ به‌شداری نه‌كه‌ن، هه‌مو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چون كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن، چونكه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كرا و ڕێككه‌وتن كرا".

هێشتا كێشه‌ له‌ نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتی هه‌یه‌و دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن

 

به‌بڕوای زێباری هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی یه‌كێتی له‌ دانیشتنی متمانه‌دان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ "كێشه‌ی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ك كه‌ركوك، وتی، "هێشتا كێشه‌ له‌ نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتی هه‌یه‌، ده‌یانه‌وێت له‌ رێگای ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ وه‌ك ڕه‌هینه‌یه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م باڵه‌ و ئه‌و باڵه‌ كه‌ ئه‌مه‌ نه‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی و نه‌هی خه‌ڵكی كوردستان نه‌هی هیچ لایه‌كی تێدا نیه‌".

 به‌ته‌نها ئێمه‌ و یه‌كێتی ناتوانین کێشەی کەرکوک چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵكو له‌ كه‌ركوك عه‌ره‌ب و توركمان هه‌یه‌

 

هۆشیار زێباری ئه‌وه‌شی وت، "هه‌ریه‌ك له‌و باڵانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شی خۆی زیاتر بپچڕێت، ئه‌گه‌رنا كێشه‌ی كه‌ركوك نیه‌، چونكه‌ كه‌ركوك به‌ته‌نها ئێمه‌ و یه‌كێتی ناتوانین چاره‌سه‌ری بكه‌ین به‌ڵكو له‌ كه‌ركوك عه‌ره‌ب و توركمان هه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌تی عیراقیشه‌وه‌ هه‌یه‌."

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوكیش زێباری وتی، "رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ پله‌به‌ندی كراوه‌ واته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت دراوه‌ته‌ شته‌كان، پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وله‌ویه‌ت و گرنگتره‌ له‌ ڕێككه‌وتنێكی نا مه‌عروف له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركوك، كه‌ دیاریش نیه‌ هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ئێمه‌ رێككه‌وتبوین له‌ نێوان جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و كاك كۆسره‌ت و له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی خۆیانمان بیستوه‌ كه‌ براده‌رێكی خۆیان فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بكه‌نه‌ پارێزگار، به‌ڵام دیاره‌ له‌ نێوانی خۆیان ڕێكنه‌كه‌وتون هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌مابو كه‌چاره‌سه‌رمان نه‌كردبێت".

پڕۆسه‌ی سیاسی و حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ستێنین

 

لەبارەی بەردەوامی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت هۆشیار زێباری دەڵێت، "پڕۆسه‌ی سیاسی و حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ستێنین، ناكرێت بكرێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێك، چونكه‌ ئه‌وه‌ موڵكی میلله‌تی كورده‌، زۆر زۆر ته‌حه‌مولمان كرد ئاراممان گرت، پاش دیاریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ فراكسیۆنی پارتی راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، پاش كه‌متر له‌ مانگێك حكومه‌تی نوێی هه‌رێم داده‌مه‌زرێت".


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP