یەکێتی و پارتی نە بێ یەک هەڵدەکەن نە پێکهەڵدەکەن
بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ کامیان لە رێکەوتنەکە پاشگەزبونەوە

- 5/29/2019 10:17:00 PM 40771 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-بڕیار جەلال

پارتى و یه‌كێتى ئه‌و دو هێزه‌ى پێكه‌وه‌ ماوه‌ى 28 ساڵه‌ حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، له‌دواى رێككه‌وتننامه‌ى واشنتن، هیچ كاتێك هێنده‌ى ئێستا ناكۆكییه‌كانیان له‌سه‌ر پۆسته‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و كه‌ركوك و عێراق قوڵ نه‌بۆته‌وه‌، چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ ئه‌م دو هێزه‌، نه‌بێ یه‌ک هه‌ڵده‌که‌ن نه‌ پێکهه‌ڵده‌که‌ن، یه‌كێتى ده‌ڵێت، پارتى له‌و ناوچانه‌ى جێنفوسى خۆیه‌تى به‌ خواستى خۆى پۆسته‌كانى پڕكردوەته‌وه‌، به‌ڵام هاتوه‌ له‌و ناوچانه‌ی جێنفوسى یه‌كێتیه‌ به‌بیانوى جیاوازى پاشگه‌زبوته‌وه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوان بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ.
یه‌كێتى دواین هه‌نگاوى نا به‌ پێشكه‌شكردنى هه‌ریه‌ك له‌ (رەوەند مەلا مەحمود، ئەحمەد عەسکەری، کاکەڕەش سدیق) تا پارتى یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت تا پێكه‌وه‌ وه‌ك پارێزگارى كه‌ركوك له‌ دواى پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌ڵیبژێرن، به‌ڵام پارتى هه‌رسێ كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى ره‌تكردوه‌

 

دوێنێ یه‌كێتى، بایكۆتى پرۆسه‌ى ده‌نگدان به‌ نێچیرڤان بارزانى كاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی كرد، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى شه‌وێك پێشتر، یه‌كێتى دواین هه‌نگاوى نا به‌ پێشكه‌شكردنى هه‌ریه‌ك له‌ (رەوەند مەلا مەحمود، ئەحمەد عەسکەری، کاکەڕەش سدیق) تا پارتى یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت تا پێكه‌وه‌ وه‌ك پارێزگارى كه‌ركوك له‌ دواى پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌ڵیبژێرن، به‌ڵام پارتى هه‌رسێ كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى ره‌تكردوه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ى یه‌كێتیش دواى چه‌ندین هه‌نگاوى رابردوى بو كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سى له‌ مه‌كته‌ب سیاسى و سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ى دابویه‌ پارتى تا رازى بن پێكه‌وه‌ پارێزگارى كه‌ركوك هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام پارتى هه‌مویانی ره‌تكردبوه‌وه‌.

یەکێتی و پارتی رێککەوتون  فەرەیدون عەبدولقادر بکەنە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام شەوی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێتی لە رێککەوتنەکە پاشگەزبوەتەوە

 

له‌ ماوه‌ى رابردودا له‌ دواین رێكه‌وتنى زاره‌كى نێوان بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، پێشنیاركرابو كه‌ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئه‌ندامى پێشوى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بكرێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئێوارەی دوێنێ سێشەممەش مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی و پارتی رێککەوتون  فەرەیدون عەبدولقادر بکەنە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام شەوی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێتی لە رێککەوتنەکە پاشگەزبوەتەوە.
زۆرم لاسەیرە هەڵایەکی نابەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک و ناوهێنانی ناوی من لەو گێژەنگە سازکراوەدا

 

فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر, ئه‌مڕۆ له‌ نامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد كه‌ دوجار له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ داوایلێكراوه‌ ببێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك ئه‌وه‌ش له‌ پێناو ته‌بایی نێوان پارتى و یه‌كێتى و راشیگه‌یاند،"زۆرم لاسەیرە هەڵایەکی نابەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک و ناوهێنانی ناوی من لەو گێژەنگە سازکراوەدا"و وتیشى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى داواكارییه‌كه‌م قبوڵ نه‌كردوه‌.
پارتى نایەوێت کێشەی کەرکوک چارەسەر بکرێت، ئەگەر نا گرێ کوێرەکە ئەوەندە قورس نییە، وەک چۆن پارێزگاری هەولێر مافی پارتییە پارێزگاری کەرکوکیش مافی یەکێتییە و مافی خۆیەتی کێ دادەنێت
یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ده‌ڵێت، ئێمه‌ چه‌ندین ناومان داوه‌ته‌ پارتى، كه‌ كه‌ركوكین و له‌و ناوانه‌ نین كه‌ پارتى به‌هۆى روداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێڵى سورى له‌سه‌ر داناون و كه‌سانێكى نیشتیمان په‌روه‌رن، به‌ڵام پارتى به‌ هیچ كام له‌وانه‌ رازى نه‌بوه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى ده‌ڵێت"پارتى نایەوێت کێشەی کەرکوک چارەسەر بکرێت، ئەگەر نا گرێ کوێرەکە ئەوەندە قورس نییە، وەک چۆن پارێزگاری هەولێر مافی پارتییە پارێزگاری کەرکوکیش مافی یەکێتییە و مافی خۆیەتی کێ دادەنێت".
لوقمان وه‌ردى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان رایگه‌یاند،"بەپێی رێکەوتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى، ده‌بێت هاوشان لەگەڵ دەستکردن بە پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت کێشەی کەرکوک چارەسەر بکرێت، چونکە پێشتر وا ڕیکەوتبون كه‌ رۆژی 18ی شوبات ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمان کۆببێتەوە ئەو کات نەکرا کێشەمان نەبو، ئارامی و ئۆقرەیی و دانمان بە خۆماندا گرت بۆ کاتی ئێستا ناکرێت ئەم حاڵەتە تێبپەرێت، بەڵام ئێستاش كات ماوە رێکبکەوین تا یەکێتی کاندیدێک پێشکەش بکات بۆ پارێزگاری کەرکوک، بەڵام لایەنی بەرامبەر نایەوێت کێشەی کەرکوک چارەسەر بکرێت، ئەگەر نا گرێ کوێرەکە ئەوەندە قورس نییە، وەک چۆن پارێزگاری هەولێر مافی پارتییە پارێزگاری کەرکوکیش مافی یەکێتییەو مافی خۆیەتی کێ دادەنێت".
بۆچونی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ کەرکوك ئەوەیە کوردێکی نیشتمانپەروەر و کەرکوکیەکی ڕەسەنى بێلایەن بێت، پارتی ڕازی نییە دەنگ بدات بۆ ئەوەی یەکێتیەك ببێتە پارێزگار

 

له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، كه‌مال كه‌ركوكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك - گەرمیانی پارتى دیموكرانى كوردستان رایگه‌یاندبو،"کە دۆسییەکانی (سەربازی و  ئەمنی و سیاسی) بەدروستی و دادپەروەرانە جێبەجێکران ئەوجا دۆسیەى کارگێڕی دەسپێدەکات و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوك دەستبەکاردەبن. بۆچونی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ کەرکوك ئەوەیە کوردێکی نیشتمانپەروەر و کەرکوکیەکی ڕەسەنى بێلایەن بێت، پارتی ڕازی نییە دەنگ بدات بۆ ئەوەی یەکێتیەك ببێتە پارێزگار".

یه‌كێتى لە کەرکوک باشترین سیاسەتی کردوە، بۆ پاراستنی کەرکوک و خەڵکەکەی، چونکە گه‌ر له‌ كه‌ركوك شه‌ڕ بكرایه‌ وەک کۆبانی لێدەهات

 

له‌به‌رامبه‌ردا سیروانى كوێخا نه‌جم، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند،"کەمال کەرکوکی کە سەرۆکی شاندی پارتییە دەڵێت، ئێمە دەنگ بە کاندیدی یەکێتی نادەین بۆ پارێزگاری کەرکوک، بەڵام دوای عەرەبێک دەکەوێت لە موسڵ جێگری پارێزگار وەردەگرێت و هەڵبژاردنیش دەکات، و سەریشی دەخات، بەڵام له‌ کەرکوک نایکات، چونکە یەکێتی تێدایە، ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دیکەوە باسی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات، هه‌رچه‌نده‌ خیانه‌ت نیه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش گەورەتر نییە لە   31ی ئاب، پەرلەمان بە دەبابەی حکومەتی عێراقی داگیرکرا، لەوە گەورەتر نییە کە جەیشی تورکیا هاتە سەرکوردستان و هەمو شاخەکانی کوردستانی بۆردومان کرد و پێشمەرگەی یەکێتی شەهید کرد، هەرچەندە کەس خیانەتیشی له‌ كه‌ركوك نەکردوە، بە پێچەوانەوە یه‌كێتى باشترین سیاسەتی کردوە، بۆ پاراستنی کەرکوک و خەڵکەکەی، چونکە گه‌ر له‌ كه‌ركوك شه‌ڕ بكرایه‌ وەک کۆبانی لێدەهات".

پارتی پەشیمان بوەتەوە لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتیدا، کە بڕیاربو هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم پاکێجی کەرکوک و بەغداش چاره‌سه‌ربكرێت

 

سیروان کوێخا نەجم راشیگه‌یاند،"مەسعود بارزانی له‌ وه‌ڵامى نامه‌یه‌كى كۆسره‌ت ره‌سول وتى دوای پێکهێنانی حکومەت شاندێک دەنێرینە بەغدا کە لە ئەساسدا، ئێمە وەفدەکەمان رێکەوتوە لەگەڵ پارتی کە هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم پاکێجی کەرکوک و بەغداش چاره‌سه‌ربكرێت، دیارە پارتی پەشیمان بوەتەوە، بەپێی وەڵامی نامەکەی کاک مەسعود، بۆیە دوێنێ مەکتەبی سیاسی هەڵویستی یەکێتیانەی نواند، ئەو هەمو سەروەریەی یەکێتی نادۆڕێنین لە پێناو چەند پلە و پۆست وپایەیەکدا.
باشترین چارەسەر بۆ کوردستان و کەرکوک و بەغدا ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی بەیەکەوە رێک بکەون، هاوڕابن لەسەر ئەو رێکەوتننانەی کە کردویانە، پارێزگارێک لە پشکی یەکێتی هەڵبژێرن، بۆ کەرکوک و وەزیرێکیش لە پشکی یەکێتی بکەنە وەزیری داد لە بەغدا

ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ى یه‌كێتى وتیشى،"باشترین چارەسەر بۆ کوردستان و کەرکوک و بەغدا ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی بەیەکەوە رێک بکەون، هاوڕابن لەسەر ئەو رێکەوتننانەی کە کردویانە، پارێزگارێک لە پشکی یەکێتی هەڵبژێرن، بۆ کەرکوک و وەزیرێکیش لە پشکی یەکێتی بکەنە وەزیری داد لە بەغدا، ئەو کاتە یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەر دەکات، رەنگە بەشی هەرە زۆری وەزیرەکان لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی یەکێتی بن".
پارتى و یه‌کێتى دو هێزن، نه‌بێ یه‌ک هه‌ڵده‌که‌ن نه‌ پێکه‌وه‌ هه‌ڵده‌که‌ن، هۆكارى ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردو حزبه‌كه‌، جوگرافیا و ئابورى و هێزى خۆیان هه‌یه‌ و هیچ یه‌كێك له‌و دو هێزه‌ ئاماده‌نین ته‌نازول بۆ یه‌كتر بكه‌ن

به‌بڕواى چاودێرانى سیاسى، پارتى و یه‌کێتى دو هێزن، نه‌بێ یه‌ک هه‌ڵده‌که‌ن نه‌ پێکه‌وه‌ هه‌ڵده‌که‌ن، هۆكارى ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردو حزبه‌كه‌، جوگرافیا و ئابورى و هێزى خۆیان هه‌یه‌ و هیچ یه‌كێك له‌و دو هێزه‌ ئاماده‌نین ته‌نازول بۆ یه‌كتر بكه‌ن، بۆیه‌ زۆركات ناكۆكى ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان. وه‌ک چاودێران ده‌ڵێن، ئه‌م دو هێزه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان هێنده‌ پێکه‌وه‌ زۆره‌، ئه‌سته‌مه‌ جارێکى دیکه‌ ناکۆکییه‌کانیان بته‌قێته‌وه‌ بۆ شه‌رو مێژوى شه‌ڕى ناوخۆ دوباره‌ بکه‌نه‌وه.
ئه‌و دو هێزه‌ نایانه‌وێت له‌ شوێن نفوس و قه‌ڵه‌مڕه‌ویان که‌سانێک له‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌کانیان ده‌سه‌ڵاتداربێت، هه‌ر بۆیه‌ ناکۆکى ئێستایان له‌سه‌ر که‌رکوک دواجار چاره‌سه‌ر ده‌بێت و پارتیش رازى ده‌بێت به‌وه‌ى که‌رکوکییه‌کى یه‌کێتى ببێته‌ پارێزگارى ئه‌و شاره

 

هه‌ر به‌بڕواى چاودێران ئه‌و دو هێزه‌ ناشیانه‌وێت له‌ شوێن نفوس و قه‌ڵه‌مڕه‌ویان که‌سانێک له‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌کانیان ده‌سه‌ڵاتداربێت، هه‌ر بۆیه‌ ناکۆکى ئێستایان له‌سه‌ر که‌رکوک دواجار چاره‌سه‌ر ده‌بێت و پارتیش رازى ده‌بێت به‌وه‌ى که‌رکوکییه‌کى یه‌کێتى ببێته‌ پارێزگارى ئه‌و شاره، به‌ڵام پارتى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆى به‌ بریندار ده‌زانێت له‌ روداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ماندوکردنى یه‌کێتى جه‌ماوه‌ره‌که‌ى له‌و شاره‌ دڵخۆش بکات و له‌و نائومێدیه‌ى هه‌یانه‌ ده‌ربازیان بكات.
ئه‌و كاره‌ى پارتى خۆ دزینەوەیە لە چارەسەرکردنی دۆخی کەرکوک، کەرکوک بەلای ئێمەوە مەسەلەیەکی نیشتمانی قەومییە و مەسەلەیەکی ئەخلاقی نیشتمانیشە، بۆیە ناکرێت سازش لەسەر کەرکوک بکەین

 

لوقمان وەردی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتى ده‌شڵێت،"یەکێتی نیشتمانی کوردستان پابەندی رێکەوتننامەکەیە، و ڕێزی لە ئیمزای خۆی گرتوە، لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی لە چوارچێوەی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی سەرەڕای کۆمەڵێک تێبینی لەسەر هەمواری یاساکە، بەڵام دەنگمان پێدا، بۆیە پارتی پێشێلی رێکەوتننامەکەی کردوە، ئه‌و كاره‌ى پارتى خۆ دزینەوەیە لە چارەسەرکردنی دۆخی کەرکوک، کەرکوک بەلای ئێمەوە مەسەلەیەکی نیشتمانی قەومییە و مەسەلەیەکی ئەخلاقی نیشتمانیشە، بۆیە ناکرێت سازش لەسەر کەرکوک بکەین، سەرەڕای ئەوەش جێ نفوس و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکەرکوک شتێکی حاشا هەڵنەگرە".

ئۆباڵە مێژوییەکانی ئەو پێشێلکردنی رێکەوتننامەیە ناکەوێتە ئەستۆی یەکێتی، بەڵکو دەکەوێتە ئەستۆی پارتی

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتى وتیشى،"ئێستاش کات ماوە لەبەردەممان، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزی هەیە، ئۆباڵە مێژوییەکانی ئەو پێشێلکردنی رێکەوتننامەیە ناکەوێتە ئەستۆی یەکێتی، بەڵکو دەکەوێتە ئەستۆی پارتی، چونکە یەکێتی شەوی پێش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم هەریەک لە (رەوەند مەلا مەحمود، ئەحمەد عەسکەری، کاکەڕەش سدیق) کە کەسیان لە سەرکردایەتی یەکێتی نین و کەرکوکین وه‌ك كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك پێشكه‌شى پارتى كرد، بەڵام پارتی رەفزی کردنەوە و لەسەر هیچ کام لەو ناوانە رازی نەبو، یەکێتی چیبکات، پێشتریش چەند ناوێک پێشکەش کرابو، لە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، بەڵام پارتی هەر رازی نەبو".

 ئەگەر لای پارتی کەرکوک دڵی کوردستان بێت ناکرێت بەو شێوەیە، مامەڵە لەگەڵ دڵ بکرێت

 

باسیلەوەشکرد،"ئەمە تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانییە، چونکە کەرکوک و پشتکردن لە کەرکوک، پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە چەندین ساڵ بۆ کەرکوک دەکرێت، ئەگەر لای پارتی کەرکوک دڵی کوردستان بێت ناکریت بەوشێوەیە، مامەڵە لەگەڵ دڵ بکرێت". 

 ئه‌وان له‌ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى خۆیان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێمه‌، یه‌كێتیش مافى خۆیه‌تى كه‌سێك ده‌سنیشانبكات بۆ پارێزگارى كه‌ركوك

 

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌و ناوچانه‌ى جێنفوسى خۆیه‌تى، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راى یه‌كێتى، پۆسته‌كانى پڕكردۆته‌وه‌، دواین هه‌نگاویش كه‌ ناى، پڕكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى نه‌ینه‌وا بو كه‌ به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ فالح فه‌یاز، پارێزگارێكیان بۆ نه‌ینه‌وا هه‌ڵبژارد و جێگره‌كه‌شى درایى پارتى، به‌بێ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ئاگادارى رێكه‌وتنه‌كه‌ى پارتى بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كان، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتى له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وان له‌ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى خۆیان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێمه‌، یه‌كێتیش مافى خۆیه‌تى كه‌سێك ده‌سنیشانبكات بۆ پارێزگارى كه‌ركوك.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکی کرد، یەکێتی بە تەنیا، نیوەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێنا، بۆیە دانانی پاریزگاری کەرکوک مافی یەکێتیه‌

 

لوقمان وەردی رایگەیاند، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکی کرد، یەکێتی بە تەنیا، نیوەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێنا، بۆیە دانانی پاریزگاری کەرکوک مافی یەکێتیه‌".
وەک چۆن ئەوان نەگەڕانەوە بۆ ئێمە بۆ دانانی کاندید بۆ سەرۆکی هەرێم و حکومەت، ئێمەش بۆ پارێزگاری کەرکوک مافی خۆمانە کەسێک دیاریبکەین بێگەڕانەوە بۆ ئەوان، بۆیە ئەوە بەهانەیەکی مەنتیقی نییە و بۆ خۆدزینەوە لە پێشێلکردنی رێکەوتننامەکەیه‌

 

وه‌ردى وتیشى،"ئێمە وا ڕێکەوتبوین لە بەغدا یەکڕیزبین و بەیەکەوە پارێزگاری کەرکوک یەکێتی دەبێت زیاتر لە ناوێک پێشکەش بکات بۆئەوەی رەزامەندی پارتیشی لەسەر بێت، بەڵام دیاریکردن و دەستنیشانکردنی پارێزگاری کەرکوک مافی یەکێتیه‌ نەک پارتی، وەک چۆن ئێمە پەیوەندیمان بەوەوە نییە پارتی کێ کاندید دەکات بۆ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە مافی خۆیانە، خۆ ئەوان نەگەڕانەوە بۆ ئێمە بڵێن ئێمە کاندیدەکانمان کێدەبێت، ئێمەش بۆ پارێزگاری کەرکوک مافی خۆمانە کە سەرکردایەتی یەکێتی کەسێک دیاریبکات بۆ پارێزگاری کەرکوک، بۆیە ئەوە بەهانەیەکی مەنتیقی نییە و بۆ خۆدزینەوە لە پێشێلکردنی رێکەوتننامەکەیه‌".
به‌ بڕواى چاودێرانى سیاسى ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى بیانه‌وێت هه‌رێمى كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كورد له‌و ململانێ ئاڵۆزه‌ى ناوچه‌كه‌ى تێكه‌وتوه‌ بپارێزن، پێویسته‌ هه‌ردولا رێز له‌ پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى یه‌كتر بگرن و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن

 

به‌ بڕواى چاودێرانى سیاسى ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى بیانه‌وێت هه‌رێمى كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كورد له‌و ململانێ ئاڵۆزه‌ى ناوچه‌كه‌ى تێكه‌وتوه‌ بپارێزن، پێویسته‌ هه‌ردولا رێز له‌ پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى یه‌كتر بگرن و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن، تا بتوانن نه‌خشه‌ ڕێگه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان زیاتر پێش بخه‌ن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن حكومه‌تێكى به‌هێز له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكبێت و به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غداد به‌ هاوكارى سه‌رۆك كۆمار، سه‌رجه‌م مافه‌كانى كورد به‌پێى ده‌ستورى عێراق به‌ده‌ستبهێنن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP