ئەمریکا ژمارەیەک دەستگیرکراوی داعش لەسوریاوە رەوانەی عێراق دەکات

- 5/29/2019 4:29:00 PM 1662 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرچاوەیەکی عێراقی ئاشکرایکرد ئەمریکا بەنهێنی ژمارەیەکی زۆر گومانلێکراوی سەربە داعشی لەسوریاوە رەوانەی عێراق کردوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەمەبەستی دادگایکردن، هێزەکانی ئەمریکا 30 گومانلێکراوی سەربە چەکدارانی داعشیان  لەسوریاوە رەوانەی عێراق کردوە کە لەکۆتایی ساڵی 2017 لەسوریا دەستگیرکراون.

بەپێی هەواڵەکە سیان لەدەستگیرکراوەکان بەتۆمەتی ئەندامێتی لەرێکخراوی داعش دەستبەسەرکراون و فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوە و پێنجی دیکەشیان فەرمانی زیندانیکردنی هەتاهەتاییان بۆ دەرچوە.
لەزیندانەکاندا ئەشکەنجەدراون

 هاوکات، بەشێک لەزیندانیکراوەکان بەئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندوە لەزیندانەکاندا ئەشکەنجەدراون.

لای خۆشییەوە دەزگای دژە تێرۆری عێراقی رەتیکردەوە لەساڵانی 2017 و 2018 ئەمریکا هیچ زیندانییەکی رەوانەی عێراق کردبێت و تۆمەتی ئەشکەنجەدانیشی رەتکردەوە.

بەپێی دۆکیومنتی دادگایەکی عێراقیش جگەلە کەیسی چارەسەرنەکراوی هەزاران دەستگیرکراوی داعش لەعێراق، ئەمریکا لەساڵی 2017 و 2018 ئەو گومانلێکراوانەی داعشی رەوانەی عێراق کردوە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون.
دەستگیرکراوانی داعش لەزیندانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کێشەیەکی قوڵە

لای خۆشییەوە فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی سەربازی ئەمریکا کە سەرپەرشتی جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات دانی بەوەدا نا کە دەستگیرکراوانی داعش لەزیندانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بەرەسمی رێگەپێدراو نین کێشەیەکی قوڵە و پێویستە چارەسەربکرێت.

نیشانەکردن :

#داعش

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP