بەپەلە

فەرەیدون عەبدولقادر: كاك كۆسرەت داوای لێكردم ببمە پارێزگاری كەركوك

- 5/29/2019 12:22:00 PM 28976 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی داوای لێکردوە ببێتە پارێزگاری کەرکوک، دەشڵێت، "لەناو یەكێتی كەسانێك دروستبون كە لەخۆیانەوە هەڵدەچن‌و هەمو سنورێكی جوامێری دەبەزێنن".
زۆرم لاسەیرە هەڵایەکی نابەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک و ناوهێنانی ناوی من لەو گێژەنگە سازکراوەدا

 

فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، "زۆری تەمەنی خۆم لەگەڵ مام جەلالی سەرکردە و تێكۆشەرەکانی (ی.ن.ک) بۆ باڵاکردنی یەکێتی و خزمەتی کورد و کوردستان تەرخانکردوە و چەندین شەهیدی خێزانەکەشمان گیانیان بەو رێبازە بەخشیوە لە کاتێکدا من لە دەرەوەی وڵاتم زۆرم لاسەیرە هەڵایەکی نابەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک و ناوهێنانی ناوی من لەو گێژەنگە سازکراوەدا".
پاش چەند جارێک کە بۆ پارێزگاری کەرکوک روی دەمی لێپرسراوانی یەکێتی ئاڕاستەی من کراوە، هەمیشە وتومە قبوڵم نییە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پاش چەند جارێک کە بۆ پارێزگاری کەرکوک روی دەمی لێپرسراوانی یەکێتی ئاڕاستەی من کراوە، هەمیشە وتومە قبوڵم نییە، یەکەمجار شەوی پەلاماردانی کەرکوک لە 16ی ئۆکتۆبەردا بەڕێز ئاسۆ مامەند لە بارەگای مەڵبەند و بە ئامادەبونی کاک کۆسرەت و مامۆستا بەکر و تێکۆشەرێکی زۆر ئەو باسەی کردەوە، کە من قبوڵی بکەم پۆستی پارێزگار وەربگرم، جارێکی تریش هەر لە کۆڕی کاک کۆسرەت و لە ماڵی خۆیان بە ئامادەبونی کاک عارف قوربانی و مامۆستا بەکر هەمان وەڵام دایەوە، کە من ئەو کارە ناکەم".

ئەو رونکردنەوەیەی فەرەیدون عەبدولقادر دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەڵبژارد، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد، ئەوەش بەهۆی پێداگیری یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە لەگەڵ یەکێتی لەسەری نەگەیشتنە رێککەوتن.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممەش مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی و پارتی رێککەوتون  فەرەیدون عەبدولقادر بکەنە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام شەوی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێتی لە رێککەوتنەکە پاشگەزبوەتەوە.
کۆسرەت رەسوڵ و مەسعود بارزانی رێککەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدون عەبدولقادر کە هەردوو حیزب پێی رازین بکرێتە پارێزگاری کەرکوک

 

فەرەیدون عەبدولقادر هەروەها نوسیویەتی، "لە دەمی کۆبونەوەکانی هەردو وەفدی یەکێتی و پارتی دا جەنابی کاک کۆسرەت کە جێگری یاسایی و جێگری سکرتێری گشتییە و کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە، داوای لێکردم چونکە خۆی لە کۆبونەوەی دو قۆڵیدا لەگەڵ مەسعود بارزانیدا رێککەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدون عەبدولقادر کە هەردوو حیزب پێی رازین و وەکو تێکۆشەرێکی دیاری جولانەوەی کورد تەماشای ئەکەن ئەو پۆستە وەربگرێ". 
تەنها لەبەر هاوڕێیەتی زۆر لەگەڵ کاک کۆسرەت و لە دڵسۆزیم بۆ یەکێتی بە رەسمی رەتمنەکردەوە

 

ئەوەشی خستوەتەڕو، "هەمو برایان مامۆستا بەکر و کاک ئیسماعیل مەحمود ئاگادارن کە رازینەبوم و تەنها لەبەر هاوڕێیەتی زۆر لەگەڵ کاک کۆسرەت و لە دڵسۆزیم بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رەسمی رەتمنەکردەوە، بەڵام پێموتون کە ئەو ئیشەم پێ خۆش نییە، بەڵام باسەکە خرایە ئەو قاڵبەوە کە رەزامەندی من خزمەتی تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی ئەکات، بۆیە بێدەنگبوم". 
کەسانێک لە یەکێتی پەیدابون هەر لە خۆڕا هەڵدەچن و هەمو سنورێکی برایەتی و وەفا و جوامێری ئەبەزێنن

 

"هەموو ئەزانن کە من خۆم بە خاوەنی یەکێتی ئەزانم و هەمو تێکۆشەرەکانی یەکێتیم لا بەنرخە و زۆریش بەداخم بۆ ئەوەی کەسانێک لە یەکێتی پەیدابون هەر لە خۆڕا هەڵدەچن و هەمو سنورێکی برایەتی و وەفا و جوامێری ئەبەزێنن و خۆیان ئەدەنە دەست بێویژدانی"، فەرەیدون عەبدولقادر واینوسیوە.
هەرگیز و بەهیچ پێوەرێک لە کەس لەوانەی خۆیان بۆ پۆستە باڵاکانی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم پاڵاوتوە، کەمترنیم

 

لە کۆتایی رونکردنەوەکەیدا فەرەیدون عەبدولقادر دەشڵێت، "هەرگیز و بەهیچ پێوەرێک کەس لەوانەی خۆیان بۆ پۆستە باڵاکانی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم کەمترنیم و پۆستی پارێزگار بۆ تێکۆشەرێکی کارا و دڵسۆز زۆر نییە و مایەی ئەو شپرزەبوونە زۆرە نییە کە گەلەکەمان بەسەرسامییەوە لێی ئەڕوانی".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP