گۆڕان: پابه‌ندی رێكکه‌وتنەکەمان بوین لەگەڵ پارتی
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: تا 20ی حوزەیران كابینه‌ی حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت

- 5/28/2019 2:23:00 PM 4737 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر
 
فراكسیۆنی گۆڕان به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و ده‌نگی به‌ نێچیرڤان بارزانی دا بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت، پابه‌ندی ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ بون كه‌ لەگەڵ پارتی هەیان بوە.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پابه‌ندی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ بون كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی كردویه‌تی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پرسی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سیسته‌می سیاسی و چاكسازی ئیداری و یاسایی و سیاسی.

پێش 20ی حوزەیران كابینه‌ی حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، به‌پێی ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ی هه‌یه‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ زوترین كاتدایه‌ به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه‌ پێش 20ی حوزەیران كابینه‌ی حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت، كه‌ راسته‌وخۆ پرسی چاكسازی دێتە په‌رله‌مان كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی به‌شداری گۆڕان بوه‌ له‌ حكومه‌ت.

ئه‌گه‌ر ناكۆییه‌كان به‌رده‌وام بن كورد له‌و ناوچانه‌ ده‌بێته‌ كه‌مینه‌یه‌كی مه‌ترسیدار

ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ مه‌ترسییەکی ئێجگار گه‌وره‌دایە، ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان ئه‌و مه‌ترسیه‌ زۆر گه‌وره‌تر ده‌كات، پلانێك هه‌یه‌ بۆ چۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ ئه‌زیه‌ت دانی كورده‌كان، وه‌ك زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ سه‌رژمێری ساڵی 2020 كه‌ بڕیاره‌ ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ناكۆییه‌كان به‌رده‌وام بن كورد له‌و ناوچانه‌ ده‌بێته‌ كه‌مینه‌یه‌كی مه‌ترسیدار".

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح رونیکردەوە، "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستپێشخه‌ری كردوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م بۆ چاره‌سه‌ری پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و پرسه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و ناوچانه‌".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP