فراکسیۆنی پارتی دڵنیایی دەداتە فراکسیۆنی یەکێتی
پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە

- 5/27/2019 5:28:00 PM 20168 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- کۆچەر عەزیز

پەرلەمانی کوردستان سبەی بۆ دەنگدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوان رێکەوتنیان  لەگەڵ پارتی کردوە و پابەندی رێکەوتنەکەیان دەبن.

لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند،"یەکێتی رێککەوتنی کردوە لەگەڵ پارتی لەسەر سێ بنەما، کە دەبێت هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوانی یەک بن لە بەغدا و یەکڕیزبن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان و هەروەها لە کەرکویش پشتیوانی یەکتر بکەن".

پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندیدکردوە و رێککەوتنیشی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کردوە بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێک دەداتە پارتی

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی لە لایەن حزبەکەیانەوە فراکسیۆنی یەکێتی ئاگادارنەکراوەتەوە لەوەی کە سبەی دەنگ بدەنە سەرۆکی هەرێم، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی خەندان مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێک دەداتە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەوەی کە دەبێت یەکێتی دڵنیا بکاتەوە لە ڕێککەوتنەکە و ئەو بڕگەیەی کە پەیوەندیدارە بە کەرکوک و وەزارەتی دادی عێراقی تا جێبەجێی بکات لە داهاتودا.

هەر بەپێی زانیارییەکانی خەندان، ئەمڕۆش شاندێکی فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکایەتی هێـمن هەورامی ئومێد خۆشناو ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی فراکسیۆنی یەکێتیان کردوە و پەیامێکی پارتیان پێبوە بۆ فراکسیۆنی یەکێتی.
 سەردانی شاندی پارتی بۆ ئەوەبو دڵنیایی بدەنە ئێمە

سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنی یەکێتی بە خەندان-ی وت، سەردانی شاندی پارتی بۆ ئەوەبوو، "دڵنیایی بدەنە ئێمە کە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و پارتی پابەندە بە ڕێککەوتنەکەی سەبارەت بە کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان".

هەر بە پێی زانیارییەکانی خەندان، فراکسیۆنی یەکێتی بە فراکسیۆنی پارتیان وتوە ئەوان پابەندن بە بڕیاری مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەیانەوە.

15ی ئەم مانگە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و ماوەی سێ رۆژی بۆ پێشکەشکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد.
تەنها یەک کاندید کاندیدی پارتی سیاسییە، ئەویش نێچیرڤان بارزانی-یە


دواتر و لە 19ی ئەم مانگەدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناوی پێنج پاڵێوراوی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئاشکراکرد، کە تەنها یەکێکیان کاندید پارتی سیاسی بو، ئەویش نێچیرڤان بارزانی-یە.

بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرەکان بریتین لە، (نێچیرڤان بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەممەد حەمەساڵح قادر، رێبوار عەزیز مستەفا، هیوا عەبدوڵڵا خدر).

هەشتی ئەم مانگە، دانیشتنی ژماره‌ (5)ى ئاسایی خولی به‌هارە له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن ئەنجامدرا كه‌ تایبەت بو بە دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەکانی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

89 پەرلەمانتار دەنگیان بە یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور داوە.
 

89 پەرلەمانتار دەنگیان بە یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور داوە، کە پێکهاتوە لە ئەندامانی هەریەکە لە فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، شیوعی، سۆشیالیست، پێكهاته‌كانی توركمان، مه‌سیحی و ئه‌رمه‌ن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP