بەپەلە

"بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان هاتوم"
كاندیدێكی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان كارنامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت

- 5/27/2019 1:25:00 PM 2968 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

كاندیدێكی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم رایگەیاند، بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان هاتوە و كارنامه‌كه‌ی "هەڵقوڵاوى نزا و هاوارى هاوڵاتیانی کوردستانە".

محەمەد حەمە ساڵح، کاندیدى پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان ئەمڕۆ له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسم و له‌ رابردودا پۆلیس بوم و سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌ركه‌كانم جێبه‌جێكردوە و خزمه‌تم كردوه‌، هۆکاری خۆکاندیدکردنیشم بۆ ئه‌وه‌یە له‌ ده‌رفه‌تێكی فراوانتردا خزمه‌ت بكه‌م".
كاندیدێكی سه‌ر به‌خۆم و سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی نیم، به‌هه‌مو توانایه‌ك پشتیوانی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌كه‌م

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "كاندیدێكی سه‌ر به‌خۆم و سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی نیم، به‌هه‌مو توانایه‌ك پشتیوانی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌كه‌م و دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان و پارتە سیاسیەکان بەکاربێنم و سەرکەوتنى من سەرکەوتنى هەموانە".

بڕیارە سبەی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و دەنگ بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدرێت، پێنج کاندیدیش بۆ ئەو پۆستە کاندیدن و چاوەڕوانی دەنگی 111 پەرلەمانتار دەکەن.
کارنامەیەکم ئامادەکردوە کە هەڵقوڵاوى نزا و هاوارى خەڵکى کوردستانە بۆ خزمەت و دادپەروەرى و سەربەخۆى دەسەڵاتى دادوەرى 

 

کاندیدەکەی سه‌رۆكی هه‌رێم رونیکردەوە، "کارنامەیەکم ئامادەکردوە کە هەڵقوڵاوى نزا و هاوارى خەڵکى کوردستانە بۆ خزمەت و دادپەروەرى و سەربەخۆى دەسەڵاتى دادوەرى و سەربەخۆیى و ئابوورى، ئێستاش دەبێ ئامادەبین بۆ گۆڕانکاریەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ڕێگەى کەسانى شارەزا، چونکە ئەگەر لە داهاتو نەتوانین خۆمان ئامادە بکەین بۆ گۆڕانکاریەکان ئەوا دەکەوین".

"له‌ رابردوش حکومەتى هەرێم کەوت، من هاتوم راستی بكه‌مه‌وه‌ به‌ سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی رابردو رێگه‌ چاره‌م بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و كه‌مو كوڕیه‌كان ئاماده‌كردوه‌"، محەمەد حەمە ساڵح وایوت.
جگه‌ له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ریم كه‌ ئێستا وه‌ریده‌گرم هه‌مو ئیمتیازاتێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ره‌ت ده‌كه‌مەوه‌

 

دەشڵێت، "من هاتوم بۆ خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، بۆیه‌ جگه‌ له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ریم كه‌ ئێستا وه‌ریده‌گرم هه‌مو ئیمتیازاتێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ره‌ت ده‌كه‌مەوه‌".

15ی ئەم مانگە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و ماوەی سێ رۆژی بۆ پێشکەشکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد.

تەنها یەک کاندید کاندیدی پارتی سیاسییە، ئەویش نێچیرڤان بارزانی-یە

دواتر و لە 19ی ئەم مانگەدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناوی پێنج پاڵێوراوی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئاشکراکرد، کە تەنها یەکێکیان کاندید پارتی سیاسی بو، ئەویش نێچیرڤان بارزانی-یە.

بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرەکان بریتین لە، (نێچیرڤان بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەممەد حەمەساڵح قادر، رێبوار عەزیز مستەفا، هیوا عەبدوڵڵا خدر).

هەشتی ئەم مانگە، دانیشتنی ژماره‌ (5)ى ئاسایی خولی به‌هارە له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن ئەنجامدرا كه‌ تایبەت بو بە دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەکانی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

89 پەرلەمانتار دەنگیان بە یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور داوە

 
89 پەرلەمانتار دەنگیان بە یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور داوە، کە پێکهاتوە لە ئەندامانی هەریەکە لە فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، شیوعی، سۆشیالیست، پێكهاته‌كانی توركمان، مه‌سیحی و ئه‌رمه‌ن.


نیشانەکردن :

#سەرۆکایەتی هەرێم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP