"وەزیری دارایی باسی داهاتی نەوت، ناوخۆ و پارەی هاوپەیمانانی نەکرد"
غالب محەمەد بۆ رێباز حەملان: پێچەوانەی یاسای بودجەی 2019 کارتکردوە

- 5/27/2019 12:53:00 PM 9494 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وەڵامی رونکردنەوەی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری دایەوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەرێم پێچەوانەی بودجەی 2019ی عێراق کاریکردوە و دەبێت ئەو موچەیە کە لە بەغداوە هاتوە و لەکات و ساتی خۆیدا بدرێت نەک بیگەڕێننەوە بۆ ساڵی 2018.
دەبێت ئەو موچەیە لەکات و ساتی خۆیدا بدرێت نەک بیگەڕێننەوە بۆساڵی پێشو 2018

 

غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا  رایگەیاندوە، "رێباز حەملان پێچەوانەی یاسای بودجەی 2019 عێراق کاریکردوە، ئەم یاسایە کارایە لە مانگی 1 ی 2019 هەتا 31-12-2019، کەواتە دەبێت ئەو موچەیە لەکات و ساتی خۆیدا بدرێت نەک بیگەڕێننەوە بۆساڵی پێشو 2018".
کۆی گشتی داهاتی نەوتیش هەرێمیش کە بەڕێگەی بۆریەوە فرۆشراوە دەکاتە چوار ترلیۆن و 14 ملیار و 738 ملیۆن دینار

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "موچەی پێنج مانگی فەرمانبەران کە لە حکومەتی عێراقەوە هاتوە دەکاتە دو ترلیۆن و 266 ملیار دینار و کۆی گشتی داهاتی نەوتیش هەرێمیش کە بەڕێگەی بۆریەوە فرۆشتوتانە دەکاتە چوار ترلیۆن و 14 ملیار و 738 ملیۆن دینار".
کۆی داهاتی ناوخۆ لە ماوەی پێنج مانگدا 780 ملیار دینار بوە

 

غالب محەمەد دەشڵێت، "کۆی داهاتی ناوخۆ لە ماوەی پێنج مانگدا 780 ملیار دینار بوە، کەواتە کۆی گشتی داهاتی ئەم پێنج مانگەتان دەکاتە 7 ترلیۆن و 30 ملیار دینارە، جگە لە داهاتی ئەو نەوتەی کە بەتانکەر و ئەو نەوتەی کە لە ناوخۆ دەدرێت بەپاڵاوگەکان".

رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابوری ئەمڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "زۆر قسه‌ و باس له‌باره‌ی هاتنی پێنج موچه‌ له‌ ساڵی 2019 ده‌كرێت، كه‌ به‌هۆی هه‌ندێک ململانێی سیاسی و بابه‌تی دیكه‌ بۆ به‌لاڕێدابردنی ئه‌و پرسه‌ به‌و جۆره‌ باسی لێكراوه‌".

وتیشی،  "بەغدا له‌ ساڵی 2019 دا پێنج موچه‌ی ناردوه‌، دو تریلیۆن و 266 ملیار دینار بوه‌، مانگانه‌ پێویستمان به‌ 881 ملیار دیناره‌، بۆیه‌ به‌شه‌كه‌ی دیکەی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ داهاتی ناوخۆی دابینی ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوكاریه‌ی هاوپه‌یمانان، حكومه‌تی هه‌رێم تریلیۆنێک و 831 ملیاری ناردوه‌ بۆ دابه‌شكردنی پێنج موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌ سێ موچه‌یان موچه‌ی مانگه‌كانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2018 بوه‌ و دوو موچه‌شیان هی مانگی 1 و 2 ی 2019 بوه‌".
ئەگەر ئێوە ئەم پێنج مانگە موچەی تەواویشتان بەبێ پاشەکەوت بەهاوڵاتیان دابێت دەکاتە چوار ترلیۆن و 405 ملیار دینار

 

بەڵام غالب محەمەد لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر ئێوە ئەم پێنج مانگە موچەی تەواویشتان بەبێ پاشەکەوت بەهاوڵاتیان دابێت دەکاتە چوار ترلیۆن و 405 ملیار دینار، کەواتا کۆی ئەو داهاتەی کە ماوەتەوە دو ترلیۆن و 629 ملیار دینارە، لەکاتێکدا ئەگەر پێنج مانگ موچەی بێ پاشەکەوتان دابێت بەڵام ئێوە دوو موچەی بێ پاشەکەوتی ساڵی 2019 تان دابەشکردوە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان رونیدەکاتەوە، رێباز حەملان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی ئەمڕۆدا بە یەک وشەش باسی داهاتی نەوی نەکرد، "بەیەک وشەش پێمانتان نەوت داهاتی ناوخۆ چەندە، بەیەک وشەش باسی ئەو پارەتان نەکرد کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دێت چەندە؟".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP