تۆمەتباری روداوی كوشتنەكەی قەزای شارەزور دەستگیركرا

- 5/27/2019 12:02:00 PM 6357 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردو هێزەكانی بەشی پۆلیسی شارەزور تۆمەتباری ڕوداوی كوشتنەكەی هەڵەبجەی تازەیان دەستگیركرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە لە هەڵەبجەی تازە دەستڕێژی گوللە لە هاوڵاتی (ع ، م ، م )ی تەمەن 64 ساڵ كراو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و تۆمەتباری ڕوداوەكەش هەڵات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو دوای چاودێرییەكی ورد و وەرگرتنەوەی ڤیدیۆی چەند كامێرایەكی چاودێری توانرا تۆمەتباری ڕوداوەكە كەبەرەو شاری سلێمانی هەڵاتبو لەلایەن هەردوو بنكەی پۆلیسی شارەزورو وارماوا دەستگیربكرێت.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتوە، لە ئێستادا تۆمەتبار ( ع ، م ، ف ) لە دایكبووی 1986 ، بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكردوە.

پۆلیس ئەوەشی خستوەتەڕو، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانی پۆلیس هۆكاری ڕوداوەكە پەیوەندی بەكێشەی كۆمەڵایەتییەوە هەبوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP