فڕەنسا: حوكمی لە سێدارەدان رەتدەكەینەوە، بەڵام رێز لە سەروەری عێراق دەگرین

- 5/27/2019 11:41:00 AM 1476 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا، سەبارەت بە بڕیاری لە سێدارەدانی سێ تۆمەتباری بە رەگەز  فڕەنسی لە لایەن عێراقەوە رایگەیاند، ئەوان لە بنەڕەتدا سزای لە سێدارەدانی ئەو سی تۆمەتبارە رەتدەكەنەوە، بەڵام رێز لە سەروەری دەسەڵاتی عێراق دەگرن.

سەبارەت بە بڕیاری دادگایەكی عێراق بە لە سێدارەدانی سێ كەسی بە رەگەز فڕەنسی، كە بە تێوەگلانیان لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی داعش تۆمەتبارن، وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەندراوێكیدا رایگەیاند، "باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق، بەپێی پێگەكەی لەو وڵاتە، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رەتكردنەوەی سزای لەسێدارەدان دەگەیەنێتە دەسەڵاتدارانی عێراق".

ئاماژەی بەوەشكردوە، وەزارەتەكەیان رێز لە سەروەری دەسەڵاتەكانی عێراق دەگرێت و پێیوایە پێویستە وەڵامی تاوانەكانی رێكخراوی چەكداری داعش بدرێتەوە، كە لە عێراق ئەو وەڵامە بە سزای لەسێدارەدان دەگەیەندرێتە ئەنجام.

ئەو راگەیەندراوەی وەزرەتی دەرەوەی فڕەنسا لەكاتێكدایە، دوێنێ یەكشەممە 26ی ئایار، دادگایەكی عێراق بە تۆمەتی تێوەگلانیان لەگەڵ چەكدارانی داعش، سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ كەسی بەرەگەز فرەنسی دەركرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP