ئێران: هیچ جۆرە گفتوگۆیەکمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ئه‌نجام نه‌داوه‌

- 5/27/2019 10:05:00 AM 680 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگەیاند، هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ نێوان وڵاتەکەی و بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكادا ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

عه‌باس موسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كیدا كه‌ له‌ میدیای ئێران بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندوە، "هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و ئەو بانگەشانە راست نین".

هەفتەی رابردوو وا بڵاوکرایەوە کە یوسف بن عه‌له‌وی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عومان سه‌ردانی تارانی كردوه‌ به‌ مه‌به‌ستی نێوه‌ندگیری له‌ نێوان ئێران-ئه‌مریكادا.

بن عه‌له‌وی له‌ لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری Mecelle كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ به‌ریتانیایه‌ رایگه‌یاندبو، "له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی سێیه‌م هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و گرژییه‌ی له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران روی له‌ زیادبون كردووه‌".

هاوکات خالید جاروڵڵا، جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت رایگەیاندبو، کە بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە زیادبوونی گرژیی لە ناوچەکەدا، دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیپێکردوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP