هەواڵی ئەمڕۆ

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر كەیسی نەجمەدین كەریم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

- 5/26/2019 5:13:00 PM 75109 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە دەستوەردانێك لە دۆسیەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك روینەداوە و ئەنجامدانی پەیوەندی لە نێوان مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە رەتدەكاتەوە.

هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و مه‌سعود بارزانى ده‌رباره‌ى ئه‌و كەیسە نه‌ به‌ راسته‌وخۆ و نه‌ به‌ نێوه‌ندگیر ئەنجامنەدراوە

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ،  لە راگەیەندراوێكدا نوسینگەی رۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند،"هه‌ندێك میدیا و كه‌ناڵى ئاسمانى ناسراو و سیاسیه‌كان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یانكرد كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستێوه‌ردانى كردوه‌ بۆ ئازادكردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشوى كه‌ركوك كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ئینته‌رپوڵه‌وه‌ له‌ به‌یروت ده‌ستگیركرا، گوایە ئەو دەستێوەردانەش لە وەڵامی داوایەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدراوە، بە هەمو شێوەیەك ئێمە ئەوە رەتدەكەینەوە".

ئەوەشخراوەتەرو كە "هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و مه‌سعود بارزانى ده‌رباره‌ى ئه‌و كەیسە نه‌ به‌ راسته‌وخۆ و نه‌ به‌ نێوه‌ندگیر ئەنجامنەدراوە".

سەرۆكوەزیران ئاگاداری دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك نەبوە تا دوای ئەوەی لە رۆژی دواتر ئازادكراوە

 

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندوەكە سەرۆكوەزیران ئاگاداری دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك نەبوە تا دوای ئەوەی لە رۆژی دواتر ئازادكراوە، ئەو روداوەشی لەلایەن فوئاد حسێن، وه‌زیرى دارایى عێراقەوە پێڕاگه‌یاندراوه‌ له‌ناو فڕۆكه‌ كاتێك ئێوارەی رۆژی 22ی ئایار بە شاندێكی فەرمیی سەردانی كوێت-یان كردوە.

ئاماژە بەوەشكراوە كە دوای بیستنی هەواڵەكە، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوایكردوە كە لێكۆڵینه‌وه‌ى ره‌سمى بكرێت بۆ زانینى روداوه‌كان و گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى به‌رپرسانه‌ى پێویست.
 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP