گروپی چەكداری ئەنساروڵا: موشەكێكمان ئاڕاستەی سعودیە كرد و كوژراو و بریندار هەیە

- 5/25/2019 6:22:00 PM 3092 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گروپی چەكداری ئەنساروڵا لە یەمەن رایگەیاند، موشەكێكیان ئاراستەی گروپێكی سەربازی سوپای سعودیە كردوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك كوژراو  وبریندار هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرە لە زاری سەرچاوەیەكی تایبەت بە گروپی چەكداری ئەنساروڵا-ی یەمەن رایگەیاند "موشەكێكیان ئاراستەی ناوچەی سودەیس كردوە كە دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای عەرەبستانی سعودیە". 

بە تەواوی ئامانجەكەیان پێكاوە



ئاماژەی بەوەشكردوە "موشەكەكە ژمارەیەك سەربازی سوپای ئەو وڵاتەی كردوەتە ئامانج و بە تەواوی ئامانجەكەی پێكاوە" بەپێی زانیاریەكانی ئەو سەرچاوەیە ئەو هێرشە بوەتە هۆی كوژران و برینداربونی ژمارەیەك سەربازی سعودیە.

حكومەتی سعودیە لە رێكەوتی 26ی ئازار-ی 2015ەوە بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە (عەبد رەبە مەنسور هادی) سەرۆكی یەمەن، پێشڕەوی لە هاوپەیمانیەكی سەربازی دەكات و هەوڵدەدات سەنعا-ی پایتەختی ئەو وڵاتە و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی گروپی چەكداری ئەنساروڵا كۆنترۆڵ بكاتەوە.

لەسەدا 75ی دانیشتوانەكەی لە دۆخێكی زۆر خراپدان



بەهۆی ئەو پێكدادانە سەربازیە بەردەوامانەی لە یەمەن رودەدات، لە ئیستادا ئەو وڵاتە بە خراپترین دۆخدا تێپەڕدەبێـت و بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان، هەزاران كەس كوژراون و برینداربون، هاوكات 22 ملیۆن كەس لەو وڵاتەدا كە دەكاتە رێژەی لەسەدا 75ی دانیشتوانەكەی، پێویستیەكی زۆریان بە هاوكاری و پارێزگاری مرۆیی هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە 8.4 ملیۆن كەس لەو وڵاتەدا نازانن ژەمە خواردنی داهاتویان لە كوێوە دەستدەكەوێت.  


نیشانەکردن :

#سعودیە #یه‌مه‌ن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP