پێنج كاندید كێبڕكێ لەسەر خانوی ژمارە 10 دەكەن
ململانێکان بۆ شوێنگرەوەی تێرێزا مەی قوڵتر دەبنەوە

- 5/25/2019 3:37:00 PM 2888 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا وادەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی دیاریکرد، لە ئێستادا ململانێیەکی زۆر لە نێوان کاراکتەرە دیارەکانی پارتی پارێزگاراندا هەیە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە، تا ئێستا پێنج كەس خۆیان کاندیدكردوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ململانێیەکی زۆر لە نێوان کاراکتەرە دیارەکانی پارتی پارێزگارانی بریتانیادا هەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە، تا ئێستاش پێنج كەس خۆیان کاندیدكردوە و دوایین کاندیدیان مات هانکۆکی، وەزیری تەندروستی بریتانیایە.

لەناو ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ شوێنەكە تێرێزا مەی كاندیدكردوە، هەریەكە لە وەزیری تەنروستی و وەزیری پێشوی کابینەکەی مەی تێدایە كە دەستی لەكاركێشابوەوە، هاوكات هەریەکێک لەو کاندیدانە گرەو لەسەر رزگارکردنی بریتانیا لە قەیرانی برێگزیت و دەرکردنی لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن.

پێشتریش هەریەک لە بۆریس جۆنسن، وەزیری پێشوی دەرەوەی بریتانیا و جێرمی هەنت، وەزیری دەرەوەی ئێستا، رۆری ستیوارت سکرتێری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و ئێسار مکڤێی، وەزیری پێشوی کار و خانەنشینی خۆیان بۆ جێگرەوەی تێرێزا مەی کاندید بون.

ئەوە جگەلەوەی هەندێک کاراکتەری دیکەی وەک لیام فۆکسی، وەزیری دارایی و ستیڤ باکەر، وەزیری کاروباری برێگزیت ناویان دەهێنرا، بەڵام ئەمڕۆ لە وەڵامی رۆژنامەنوساندا رایانگەیاند، ئەوان خۆیان بەربژێر ناکەن.

دوێنێ هەینی تێرێزا مەی، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا رایگەیاند، حەوتی مانگی داهاتو دەستلەپۆستەكەی دەكێشێتەوە، ئەوەش بەھۆی شكستهێنانی لە پڕۆسەی دەرچونی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا.

پڕۆژەکەی تێرێزا مەی کە  لەگەڵ ئەوروپییەکان رێکەوتنی لەسەر کرابو سێ جار لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە رەتکرایەوە، دواتر کاتێک لە 29ی ئاداری 2019 ماوەی پرۆسەکە کۆتایهات، یەکێتی ئەوروپا ماوەکەی بۆ 31 ی ئۆکتۆبەری داهاتو درێژکردەوە. 

دوایین هەوڵی تێرێزا مەی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێشنیاری دوبارەکردنەوەی ریفراندۆم بو لەبەرامبەر پشتگیریکردنی پلانە نوێیەکەی، بەڵام ئەو پێشنیارەش هەرزو لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی پارتەکەی و ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆنەوە رەتکرایەوە، ئەوەش لێکترازانی زیاتری لە نێوان پارتی پارێزگاران لێکەوتەوە و بەهۆیەوە تێرێزا مەی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە بو.

هەریەکێک لەو کاندیدانە هەوڵی چونە ناو خانوی ژمارە 10 دەدەن و دەیانەوێت ببنە جێگرەوەی تێرێزا مەی و بەڵێنی تێپەڕاندنی قەیرانەکەیانداوە، هەرچەندە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندوە، جارێکی دیکە قسە لەسەر ئەو پلانە ناکەنەوە کە لەگەڵ تێرێزا مەی لەسەری رێکەوتون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP