بەپەلە

سلێمانی؛ ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێك خواردنه‌وه‌ی كهولیدا گیرا

- 5/25/2019 3:05:00 PM 3757 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە شاری سلێمانی له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا رێگه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی ئاشكرای مادده‌ كهولییه‌كان گیراوه‌ و فرۆشتنیشی سنوردار ده‌كرێت، له‌ دو هه‌فته‌ رابردوشدا له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆردا گیراوه‌.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رێزگرتن له‌ مانگی رەمەزانی پیرۆز و رۆژوانان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیان به‌و مانگه‌ دروستكردوه‌ كه‌ رێگری له‌ فرۆشتن و به‌ ئاشكرا خواردنه‌وه‌ی كهول ده‌كات و له‌ كاتی هه‌بونیدا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بەهەماهەنگی لەگەڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی، توانیویانە تاڕادەیەكی زۆر باش ڕێگری لە خواردنه‌وه‌ی كهول به‌ ئاشكرا و له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌گشتیه‌كان، هه‌ر كه‌س و شوێنێك سەرپێچی كردبێت روبەروی لێپرسینه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌.

گۆران قادر وتیشی، به‌شێك له‌ رۆژوانان سه‌ردانی شوێنه‌گشتیه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌وشوێنه‌ی لێی دانیشتون به‌ربانگ ده‌كه‌نه‌وه‌، ناكرێت له‌م مانگه‌دا هه‌ستیان بریندار بكرێت و خه‌ڵكانێك هه‌بن له‌‌به‌رچاویانه‌وه‌ خواردنه‌وه‌ كهولیییه‌كان بخۆنه‌وه‌ و ببنه‌ مایه‌ی بێزاركردنیان.

رونیشیكردەوە، لیژنه‌ی مانگی ره‌مه‌زان لە چەند رۆژی رابردودا دەستیان بەسەر بڕێك خواردنەوه‌ مه‌ستییه هه‌مه‌جۆره‌‌كاندا گرتوە، دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زانیش به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی خواردنه‌وه‌كان له‌ناوده‌برێن، خاوه‌نی ئه‌و دوكانانه‌شی سه‌رپێچیان كردوه روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.‌


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP