فواد حسێن هۆكاری دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات

- 5/25/2019 2:49:00 PM 74935 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فواد حسێن، وه‌زیری دارایی عیراق رایگه‌یاند، موچه‌ی‌ چوار مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان خستوەتەسەر حسابی بانكی هەرێم، دەشڵێت، هۆكاری دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ دو مانگی‌ فەرمانبەران قەیرانی داراییە هەرێمی كوردستانە.
به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتوه‌

 

فواد حسێن، وه‌زیری دارایی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی‌ "بالحرف الواحید"ی‌ كه‌ناڵی شه‌رقیه‌ كه‌ شه‌وی‌ رابردو په‌خشكرا باسی لەوەكردوە كە موچەی چوار مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە كردوە"، بەڵام وتویەتی، "به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌ره‌نجامی‌ بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بوە له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێك، دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتوه‌".
یاسای بودجەی 2019 ی عێراقم پێشێل نەكردوە، پاپەندم پێوەی

 

وه‌زیری دارایی عێراق رەتیكردەوە پێشێلی یاسای بودجەی عێراقی كردبێت بە ناردنی  پشكی هەرێمی كوردستان و وتی، "یاسای بودجەی 2019 ی عێراقم پێشێل نەكردوە، پاپەندم پێوەی، بەگوێرەی ئەوەی لە بڕگەی(10 ج)دا هاتوە، حكومەتی ناوەند پاپەندە بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان، لەسەر هەرێمی كوردستانیش پێویستە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی كوردستان ڕادەستی بەغداد بكات".
پشكی هەرێم لە بودجەی 2019 عێراق نزیكەی 10 ترلیۆن دینارە

 

ئاماژەی بەوەشكرد، "پشكی هەرێم لە بودجەی 2019 عێراق نزیكەی 10 ترلیۆن دینارە، مانگی كانونی دوەم 2019 نزیكەی 317 ملیار دینار كە دەكاتە 285 ملیۆن دۆلار و بۆ مانگی شوباتیش هەمان بڕە پارە بەهۆی ئەوەی هێشتا بودجەی عێراق پەسەند نەكرا بو ڕەوانەی كوردستانمان كرد، بەڵام دوای پەسەندكردنی بودجە و بۆ مانگی نیسان 453 ملیار دینارمان بەپێی یاسای بودجە ڕەوانەی كوردستان كرد".
تا ئێستا زیاتر لە ملیارێك دۆلار ڕەوانەی كوردستان كراوە و زیاتر لە 7 ملیار دۆلاریشی ماوە بۆ مانگەكانی داهاتو

 

وەزیری دارایی عێراق رونیكردەوە، "تا ئێستا زیاتر لە ملیارێك دۆلار ڕەوانەی كوردستان كراوە و زیاتر لە 7 ملیار دۆلاریشی ماوە بۆ مانگەكانی داهاتو وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە بنێردرێت".

لەبارەی دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا فواد حسێن دەڵێت، "دوای جەژن دانوستاندنەكانی بەغدا و هەرێم دەربارەی سیاسەتی نەوتی كوردستان و پەیوەندی نەوتی هەردولا دەستپێدەكات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP