كەمپەینێك بۆ گەڕانەوەی موچەی چوار مانگی فەرمانبەران راگەیەندرا

- 5/25/2019 12:41:00 PM 21700 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كەمپەینێك بۆ گەڕانەوەی موچەی چوار مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راگەیەندرا و یەکێک لە ئەندامانی کەمپەینەکەش دەڵێت، هەمو موچەخۆران دەاتوانن بەشداری تیایدا بكەن.

كەمپەینەكە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستاو چالاکوان و پارێزەران و کارمەندانی تەندروستی و رێکخراوەکانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە ژێر ناونیشانی  "#موچەی_مانگی_1تا4_چی_لێهات" پێكهێنراوە و داوا دەكەن موچەی فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە.
موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ تا چواری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە

 

دڵشاد بابانی، یەکێک لە ئەندامانی کەمپەینەکە بە خەندان-ی راگەیاند، "لای هەموان ڕونە كە موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ تا چواری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، بەڵام حكومەت تەنها موچەی مانگی یەك و دوی دابەشکردوە بۆ ئەو مەبەستەش كەمپەینێكمان دروستكردوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، کەمپەینەکە کاتی بۆ دیارینەکراوە، بەڵام رەنگە لە ماوەی 10 رۆژدا تەواوببێت، هەر موچەخۆرێک دەیەوێت بەشدار بێت دەتوانێت ناوی خۆی بنوسێت.
15 پارێزەر سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەکەن و وەکالەتیان بۆ دەکەینەوە

 

ئەو ئەندامەی كەمپەینەكە رونیكردەوە، "15 پارێزەر سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەکەن و وەکالەتیان بۆ دەکەینەوە، ئەوان بە نوێنەرایەتی موچەخۆران دەچنە بەغدا و سکاڵا  لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق تۆماردەکەن".

بابانی دەشڵێت، ئەو پارەیە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە هاتوە و لە یاسای بودجەدا باسكراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی بۆ شتی دیکە خەرجی کردوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP