پاره‌ى نه‌وت له‌ بودجه‌ی هه‌رێمیش دیار نیه‌
عه‌بادى: هه‌رێمى كوردستان راده‌ستى چه‌ند گروپێك كراوه‌ و هه‌ر ئه‌وانیشن نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن

- 5/25/2019 1:03:00 AM 54195 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی چه‌ند گروپێك كراوه‌،ده‌شڵێت ئه‌و گروپانه‌ن كه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن و ناشزانرێت پاره‌كه‌ی چی لێ دێت و "ته‌نانه‌ت له‌ بودجه‌ی هه‌رێمیش دیار نیه‌"

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوی عێراق له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌ به‌رنامه‌ی (الجدار الرابع) كه‌ناڵی عێراقییه‌ رایده‌گیه‌نێت،"ئێمه‌ ده‌بێت هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تێك بژین، ده‌وڵه‌تێكی نیشتیمانی، هاونیشتمانیان ده‌بێت سه‌رجه‌میان ئه‌رك و مافه‌كانیان هاوشێوه‌ی یه‌كدی بێت". 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌بادی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت،" تۆ كاتێك دێیته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ی تێدا ده‌كرێت، هه‌رێمه‌كه‌ راده‌ستی حزبه‌كان كراوه‌، ته‌نانه‌ت حزبه‌كانیش نا راده‌ستی چه‌ند گروپێك كراوه‌ كه‌ ئه‌وان نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن، ناشزانیت پاره‌ی نه‌وت بۆ كوێ ده‌چێت"

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌ش كاتێك لێی ده‌پرسێت ئه‌و گروپانه‌ كێن؟ عه‌بادی ده‌ڵێت،"ئه‌وانه‌ن كه‌ كۆنترۆڵی هه‌رێمیان كردوه‌، ئاشكرایه‌ و دیاره‌ كێ له‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌؟ ئێستا كێیه‌ كه‌ نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ ده‌كات؟ كوا پاره‌كانی نه‌وت؟ ئایا ده‌چێته‌ سه‌ر بودجه‌ی وڵات؟ دیار نیه‌، ته‌نانه‌ت له‌ بودجه‌ی هه‌رێمیش دیار نیه‌". 

سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوی عێراق وتوشیه‌تی،" ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكه‌ین، ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاونیشتیمانیانه‌، ئه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دژی كورد نیه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ناوكورددا پشتیوانمان هه‌یه‌ وه‌كو كۆمه‌لگه‌ی كورد، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت دادپه‌روه‌ری بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی عێراق په‌یڕه‌وبكرێت". 

عه‌بادی ئاماژه‌ به‌ پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت،" ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵوێستمان هه‌بو، من موچه‌كانم نه‌بڕیوه‌، به‌ڵكو موچه‌كانم خسته‌وه‌ چوارچێوه‌ی دروستی خۆی، موچه‌كان ناده‌م به‌ حزبه‌كان، ئه‌گه‌ر موچه‌كان بده‌ین به‌ حزبه‌كان ده‌چن به‌سه‌ر لایه‌نگره‌كانی خۆیاندا ده‌یبه‌خشنه‌وه‌ و هاونیشتیمانیه‌ ئاساییه‌كان بێبه‌شده‌كه‌ن". 

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا حه‌یده‌ر عه‌بادی، له‌باره‌ى ئه‌و موچه‌یه‌ى ئێستا به‌غداد ده‌ینێرێت ده‌ڵێت،"راده‌ستی ئیداره‌ی ئه‌وێی ده‌كه‌ن،به‌ڵام ده‌زانیت كه‌ ئیداره‌كه‌ حزبیه‌ و به‌ ده‌ست لایه‌نگرانی حزبه‌وه‌یه‌، من لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تم له‌ به‌غداوه‌ نارده‌ هه‌رێم، سه‌یری هه‌مو به‌ڵگه‌كان بكه‌ن، ئه‌وان به‌ڵگه‌كانیان راده‌ستكرد، به‌پێی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران موچه‌مان نارد و موچه‌مان راده‌ست كردن، ئه‌وه‌ش به‌ واتای لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌ك به‌ واتای داخوازیه‌كانی ئه‌وان، چونكه‌ جیاوازی له‌نێوان لێكۆڵینه‌وه‌ و داخوازیه‌كان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ چاودێرییه"‌. 

سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی له‌نێوان رێژه‌ی داواكراو و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ موچه‌دا، عه‌بادی ئاشكرایده‌كات كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی له‌ راده‌ به‌ده‌ر جیاوازی هه‌بوه‌ و ده‌ڵێت، "له‌م ماوه‌یه‌دا رێژه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 50 زیادكراوه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌هانه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌و كاره‌، بۆچی؟ نازانین، ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان ره‌وانه‌كرد كه‌ رێز له‌ ناوه‌رۆكه‌كان بگرێت، كه‌ چاودێری دارایی و ده‌ستپاكی تێدابو، رۆشت و وردبینی له‌ موچه‌كاندا كرد و موچه‌كانمان له‌ كاتی حكومه‌ته‌كه‌ی مندا نارد، ئێمه‌ موچه‌كانمان نه‌بڕی". 

له‌باره‌ی جیاوازیه‌كه‌شه‌وه‌ ده‌لێت،" سه‌د هه‌زار بو، ئێستا نازانم چه‌نده‌، من مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌م،به‌ڵام ئایا ده‌كرێت له‌ماوه‌ی ساڵێكدا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌دا 50 زیادبكات؟ ده‌ڵێت ناكرێت ئه‌وه‌ روبدات و پێشكه‌شكاره‌كه‌ش له‌ زانیارییه‌كانی دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت،"سه‌یری رێژه‌ی موچه‌ی هه‌رێم بكه‌ بۆ ساڵی 2018 و به‌راوردی بكه‌ له‌گه‌ڵ 2019، له‌ سه‌دا په‌نجا زیادی كردوه"‌. 

حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌شڵێت ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ حكومه‌ته‌وه‌ هاتوه‌ و رایگه‌یاندوه‌،" یاسای بودجه‌ كه‌ ئێمه‌ ناردمان له‌ سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی مندا جیاوازه‌، حكومه‌تی نوێ ئه‌و یاسایه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ و ژماره‌كانی گۆڕی و دوباره‌ ناردیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان". 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP