بەپەلە

پەرلەمانتارێکی کوردستان: سەرۆک بەرهەم کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانی چارسەرکردوە نەک بارزانی

- 5/24/2019 10:41:00 PM 27453 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند: هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بوە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان  نەک مەسعود بارزانی.


 ئەمڕۆ لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی پەرلەمای کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە رایانگەیاند: بە هیمەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، توانراوە رێگە لە پلانی هێرشێکی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خانەقین و دوبزو گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکوک بگیرێت، ئەوەش کاردانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارە جیاوازەکانی لێکەوتەوەو بەناراست وەسفیان کرد.

ئەو هەواڵە سەر لەبەری دورە لە راستیەوە و راگەیەنراوی لیژنەی ناوچە جێناکۆکەکان، تەنها تەعبیر لە رای برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، نەک رای لایەنەکانی دیکە

 

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، ئەو هەواڵە سەر لەبەری دورە لە راستیەوە و راگەیەنراوی لیژنەی ناوچە جێناکۆکەکان، تەنها تەعبیر لە رای برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، نەک رای لایەنەکانی دیکە، ئەو داڕشتنەش تەنها داڕشتنی برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و راوبۆچونی ئەوانە، ئەو مەسەلەیەش بابەتێکی تازە نیە، ماوەیەکی زۆرە ئەو کێشانە هەیە لە ناوچە جێناکۆکەکان.

پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتاران ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدان

 

باسیلەوەشکرد، پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتاران ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدان، بە هەوڵی هەمو لایەنەکان بەرەو چارەسەر دەڕوات.

 سەرۆک کۆماری عێراق بەڵێنی پێدان بۆچارەسەرکردنی کێشەکان و لیژنەی بۆ دابینکرد

 

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، لەمجارەشدا لیژنەی کشتوکاڵ و سەردانی بەغدایان کرد، فراکسیۆنی یەکێتی نەوەی نوێ و گۆڕان چاویان بە سەرۆک کۆمار کەوتبو، هەرچەندە ئەو بابەتە بە پەیوەندی بە لیژنەی کشتوکاڵیشەوە نەبو تەنها ئەو لایەنەی نەبێت کە زەرەروزیان بەر دەغڵ ودانی جوتیاران کەوتبو، لەسەر ئەو بابەتە قسەیان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کرد و ئەویش بەڵێنی پێدان بۆچارەسەرکردنی و لیژنەی بۆ دابینکرد، بۆئەوەی هەرچی زوترە ئەو کێشانە چارەسەربکرێن.

وتیشی: "ئێمە نامانەوێت شتەکان بە حزبی بکەین و بڵاوی بکەینەوە، لەبەرئەوەی سەرۆک کۆمار لەبەغدا سەرۆک کۆماری کوردە نەک هی لایەنێک، ئێمە بەگیانی حزبی کار ناکەین بە گیانی نەتەوایەتی کار دەکەین و پێشمان خۆشە لایەنەکانی دیکەش بە هەمان بیرو بۆچونەوە کار بکەن".

 بۆچی پێش ئەوەی سەرۆک کۆمار لیژنە پێکبهێنێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات، باس لە هەوڵی مەسعود بارزانی نەکراوە و رونکردنەوە نەدراوە

 

سەبارەت بەو راگەیەندراوەی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی هەرێم وتیشی، ئەوە بیرو بۆچونی خۆیانە، ئێستاش ئێمە دەتوانین بڵێین بە هیمەتی فڵان و فیسار بوە، بەڵام ئایا راستی بابەتەکە چۆنە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەگەر هەوڵێکی لەو شێوەیەشی دابێت ئازایەتی نەکردوە, چونکە ئەوە ئەرکی سەر شانیەتی، بەڵام ئایا بۆچی پێش ئەوەی سەرۆک کۆمار لیژنە پێکبهێنێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات، باس لە هەوڵی مەسعود بارزانی نەکراوە و رونکردنەوە نەدراوە.

جەختیشیکردەوە: هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بوە هۆی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نەک مەسعود بارزانی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP