كاردانەوەكانی جیهان لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەكەی تێرێزا مەی

- 5/24/2019 9:45:00 PM 13074 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ هەینی، تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بەھۆی شكستهێنانی لە پڕۆسەی كشانەوەی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و رایگەیاند "تا هەڵبژاردنی كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكەی ئەو ئەركە بەڕێوەدەبات".

دەستلەكاركێشانەوەكەی تێرێزا مەی كە بڕیارە لە رێكەوتی 7ی حوزەیران كاردا بچێتە بواری جێبەجێكردن، كاردانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ژماریەكی زۆر لە بەرپرسان و سەركردەكانی جیهان لەوبارەیەوە لێدوانیان دا.

یەكیتی ئەوروپا
دەستلەكاركێشانەوەكەی تێرێزا مەی هیچ لە رێككەوتننامەكەی بریتانیا ناگۆڕیت كە بە مەبەستی چونەدەرەوەی لە یەكێتیەكە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا ئەنجامیداوە.

جین كڵاود جەنكەر، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا لەوبارەیەوە رایگەیاند "یەكێـی ئەوروپا لەبارەی رێككەوتننامەی برێكزیت-ەوە بڕیارەكەی نەگۆڕ و جێگیرە.

مایكڵ بێرنەر، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری یەكێتی ئەوروپا تایبەت بە رێككەوتننامەی برێكزیت رایگەیاند "رێزێكی تەواوی بۆ تێرێزا مەی هەیە كە لەبارەی رێككەوتننامەكە و كشانەوە لە یەكێتیەكە هەوڵی تەواوی خۆی داوە.

دۆناڵد تره‌مپ

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌ رۆژنامه‌نوسانی كۆشكی سپی رایگه‌یاند "پێی ناخۆشه‌ مه‌ی ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "تێرێزا مه‌ی ژنێكی به‌هێزه‌ و به‌ سه‌ختی كاری كردوه‌".

بۆریس جۆنسن
وەزیری پێشوی دەرەوەی بریتانیا بۆریس جۆنسن له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ لێدوانه‌كه‌ی تێرێزا مه‌ی  به‌رزنرخاند و نوسیویه‌تی "سوپاس بۆ خزمه‌ته‌كانت به‌ وڵاته‌كه‌مان و پارتی پارێزگاران"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌ "ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن تا رێككه‌وتنی برێكزت به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن".

ئێمانوێل ماكرۆن
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فره‌نسا بڕیاره‌كه‌ی تێرێزا مه‌ی به‌رز نرخاند و به‌ "كارێكی بوێرانه‌" ناوی برد، وتیشی له‌ماوه‌ی پێشودا به‌ مه‌به‌ستی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و سود گه‌یاندن به‌ وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵی داوه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا رێزی له‌ هاوپه‌یمانه ئه‌وروپیه‌كانی بریتانیا گرتوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی ئێلیزی فره‌نسا رایگه‌یاند "پره‌نسیپه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت وه‌كو خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌گه‌ڵ پێشخستنی نه‌رم به‌رجه‌سته‌كردنی كاره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ هه‌یه‌".

راشیگه‌یاندوه‌ "له‌ كاتی هه‌ڵبژارده‌یه‌كی گرنگدا، ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌رهه‌ڵستی ده‌كه‌ن و له‌ هه‌مانكاتدا پرۆژه‌یه‌كی جێگره‌وه‌یان نیه‌، به‌ره‌و رێگه‌یه‌كی داخراومان ده‌به‌ن".

لیۆ ڤارادكار

 سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێرله‌ندا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نوێی بۆ بریتانیا به‌ مه‌ترسیدار ناوبرد و رایگه‌یاند "هه‌ڵبژارنی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نوێ دانوستانه‌كانی تایه‌بت به‌ برێكزیت به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بات، ئه‌وه‌ش زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ ئێرله‌ندا".
ڤارادكار به‌ ده‌زگا میدیاییه‌كانی ئێرله‌ندای راگه‌یاند "ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێك ببینین كه‌ بیه‌وێت له‌ برێكزت بكشێته‌وه‌ یاخود بێ رێككه‌وتن له‌ یه‌كێتیه‌كه‌ بكشێته‌وه‌"، راشیگه‌یاند "ته‌نانه‌ت پێده‌چێت حكومه‌تێكی نوێی بریتانیا ببینین كه‌ خواستی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی نزیكتر له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌بێت و گشتپرسیه‌كی دیكه‌ ئه‌نجامبدات".

دواتر وتی "به‌ڵام هه‌رشتێك روبدات ئێمه‌ دان به‌ خۆماندا ده‌گرین و په‌یوه‌ندیه‌ هاوپه‌یمانیه‌كانمان له‌گه‌ل یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌پارێزین، دڵنیاشده‌بین له‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌دا ئێرله‌ندا له‌به‌رچاومانده‌بێت".

ئانگێلا مێركڵ
راوژێكاری ئه‌ڵمانیا بڕیاره‌كه‌ی مه‌ی به‌ "ڕێزدار" ناوبرد و له‌ رێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند "ئه‌وان پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی باشیان له‌كاركردندا هه‌بوه‌".

مارتینا فیتز، وته‌بێژی ئانگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا راشیگه‌یاند "تا ئه‌و كاته‌ی مه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی رابردوكاری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن" ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "حكومه‌تی به‌رلین پێی خۆشه‌ پارێزگاری له‌و هاوبه‌شی كاركردن وپه‌یوه‌ندیه‌ نزیكه‌ بكات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی له‌نده‌ن".

هاوكات ره‌تیكرده‌وه‌ له‌باره‌ی كاریگه‌ریه‌كانی بڕیاره‌كه‌ی مه‌ی له‌سه‌ر برێكزین لێدوان بدات و رایگه‌یاند "بڕیاره‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی به‌نده‌ به‌ پێشهاته سیاسیه‌كانی ناوخۆی بریتانیا".

نایجڵ فاراج
نایجڵ فاراج، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی دژ به‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و سه‌رۆكی پارتی برێكزیت-ی بریتانیایه‌، به‌ تۆمه‌تی نه‌نرخاندنی بۆچونی ولاته‌كه‌ی له‌ رێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ پارێزگاریكردن له‌ په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌كانی له‌گه‌ل فراكسیۆنه‌كه‌دا، لۆمه‌ی تێرێزا مه‌ی كرد.

فاراج له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند "سه‌خته‌ هه‌ستێكی ناخۆشت هه‌بێتبۆ تێرێزا مه‌ی، به‌ڵام له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌وه‌ بۆچونی خه‌ڵك و پارته‌كه‌ی نه‌نرخاندوه‌، له‌ ئێستادا دو سه‌رۆكی پارتی پارێزگاران پۆسته‌كانیانبه‌جێهێشتوه‌ كه‌خواسته‌كانیان پشتگیریكردن بو له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ تێرێزا مه‌ی و ده‌یڤد كامیرۆن.

كرێملین
له‌ مۆسكۆ، كرێملین رایگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی مه‌ی بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان روسیا و بریتانیا زۆر سه‌خت بوه‌.
له‌وباریه‌وه‌ دیمیتری پێسكۆڤ، وته‌بێژی ڤلادیمیر پوتین رایگه‌یاند "ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی تێرێزا مه‌ی، له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاتدا ماوه‌یه‌كی سه‌ختی تێپه‌ڕاندوه‌".

ئیسپانیا
حكومه‌تی مه‌درید له‌باره‌ی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بریتنایا بێ هیچ رێكه‌وتنێك هۆشداریدا.

ئیزابێل سیڵا، وته‌بێژی حكومه‌تی ئیسپانیا به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند "له‌ژێر ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا، وا ده‌رده‌كه‌وێت چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و شتێكی مه‌حاڵ ده‌بێت كه‌ رێگری لێبكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی بریتانیا به‌رپرسی سه‌ره‌كی ده‌بن له‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بێ هیچ رێككه‌وتنێك و سزاكانی ئه‌و كرداره‌".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP