ئەمریکا فرۆکەی جەنگی و سەرباز بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەرەشەکانی ئێران رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات

- 5/24/2019 9:11:00 PM 2089 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پنتاگۆن) رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ یەکەی سەربازیی بۆ پالپشتی هێزە ئەمریکیەکان و هێزە هاوپەیمانەکانی لەدژی ئێران رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات.

وەزارەتەکە دەشڵێت"لە هەفتەکانی داهاتودا سەربازی زیاتر دەنێرێت بۆ ئەنجامانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە بە توانای مرۆی و نامرۆی کاردەکەن".

بەگوێرەی راپۆرتەکەی پنتاگۆن، ئەمریکا بە تەواو خۆی بۆ هەر هەرەشەیەکی لەناکاوی ئێران ئامادە دەکات لە ناوچەکەدا و " بەتالیۆنی سەربازی تایبەت بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشی موشەکیی" پێکدەهێنرێت، دەستەی سەربازیی  ئاسمانی لە وڵاتانی رۆهەڵاتی ناوەراستدا دروس دەکرێت.

دوێنێ پێنجشەممە دو بەرپرسی باڵای سەربازیی ئەمریکا کە نەیانویستوە ناویان بهێنرێت ئاشکرایانکردوە، لەئێستادا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تاوتوێی ناردنی پێنج هەزار سەربازی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

پێشتر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کەشتی فرۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی B52 رەوانەی کەنداو کردوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوشدا هەڕەشە و لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی ئەمریکاو ئێران زیادیکردوە.

دوێنێ، فەرماندەی هێزی دەریایی كۆماری ئێران رایگەیاند، لە ترسی موشەكەكانی ئێران كەشتی فڕۆكەهەڵگری "ئەبراهام لینكۆڵن" لە سنورە ئاویەكانی وڵاتەكەی دوركەوتوەتەوە بۆ مەودایەك كە لە مێژودا هاوشێوەی نیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP