باڵی ناڕازیى نەوەی نوێ: دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، دۆسیەیەکی جیاوازە لە رەخنەکانی ئێمە

- 5/24/2019 8:39:00 PM 4984 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


باڵی ناڕازی نەوەی نوێ لە پەلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە و ژمارەیەك لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ، دۆسیەیەکی تەواو جیاوازە لە رەخنە سیاسییەکانی ئێمە و ئەو بابەتە جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە.

باڵی ناڕازی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان وعێراق، لە راگەیەندراوێکدا لە ژێر ناوی (بەڵێ بۆ دادگاییەکی شەفاف و بێلایەن و سەربەخۆ)، بڵاوکردوەتەوە و دەڵێن: "لێکەوتەکانی بەیانی ھاوبەشی21 ی نیسانی 2019 ی ئەنجومەنی باڵا و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەم چاوەڕوان نەکراو بون و ھەم جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە".

ئەوەیان رونکردوەتەوە: بەیاننامەی 21ی نیسان، بۆ ئاگادارکردنەوەی رایگشتی بو لەو راستییەی کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەلاڕێدا براوە و لەبری جوڵانەوەیەکی سیاسی سەرتاپا جیاواز، توشی ھەمان پەتا و نەخۆشی حیزبە تەقلیدیەکان کراوە و بوەتە باندێکی تەنگەبەری خێزانی و لقێکی کۆمپانیا و ئامرازێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی دارایی. ئێمە شانازی دەکەین، وەك بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە، دژی حیزبی بنەماڵە و تێکەڵ کردنی حیزب و بازرگانیین و لەسەر ئەم بنەما سیاسیی و ئەخلاقییە بەردەوام دەبین.
پێداگری دەکەین لە سەروەری یاسا و بێتاوانی دەستگیرکراوەکان تا دوا بڕیاری دادگا و دابینکردنی ھەمو مافێکی دەستگیرکراوەکان لە بینینی پارێزەر و کەسوکار و ھەمو دەستتێوەردانێکی سیاسی لەو دۆسیەیە رەتدەکەتنەوە و داوای دادگاییەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەن دەکەین

 

ئاماژەیان بەوەشکردوە: "لێکەوتەکانی دوای بەیاننامەی 21 ی نیسان و دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە و ژمارەیەك لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ، دۆسیەیەکی  تەواوی جیاوازە لە رەخنە سیاسییەکانی ئێمە و ئەو بابەتە جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە و لێرەوە پێداگری دەکەین لە سەروەری یاسا و بێتاوانی دەستگیرکراوەکان تا دوا بڕیاری دادگا و دابینکردنی ھەمو مافێکی دەستگیرکراوەکان لە بینینی پارێزەر و کەسوکار و ھەمو دەستتێوەردانێکی سیاسی لەو دۆسێیە رەتدەکەتنەوە و داوای دادگاییەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەن دەکەین". 

"ئامانجی باڵا و سەرەکی ئێمە، وەك ئاراستەیەکی سیاسی جیاواز و وەفادار بەو دید و بنەمایانەی ھەمیشە بانگەوازمان بۆ کردون، سەرکردایەتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنە بۆ کێبڕکێی سیاسیی لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات و کۆتاییھێنان بە ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی و حوکمڕانی بنەماڵە" باڵی ناڕازی نەوەی نوێ وادەڵێن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP