قائیمقامی شەنگال داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەكات ماددەی 140 جێبەجێبكات و جەنگ كۆتایی پێبهێنێت

- 5/24/2019 2:34:00 PM 2343 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قایمقامی قەزای شەنگال داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە، ماددەی 140ی دەستوری عێراقی جێبەجێبكات و شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكانی شەنگال كۆتایی پێبهێنێت.

ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شەنگال رایگەیاندوە "ناوچەكانی شەنگال و نەینەوا كۆمەڵێك ململانێی بێكۆتای تێدایە و نابێت دۆخەكە بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە كە تەنها خەڵكەكەی باجەكەی دەدەن"، داواشیكردوە "بە پەلە چارەسەر بۆ دۆخی ئەو ناوچانە بدۆزرێتەوە و لە جەنگ و چاوتێبڕینە نێودەڵەتیەكان بپارێزرێت".
جێی قبوڵكردن نیە ئەو ناوچانە لەژێر هەڕەشەی چەقۆی ململانێ سیاسیەكان و خواستە نەرێنیە نێودەوڵەتیەكاندا بێت

 

ئاماژەی بەوەشكردوە "ئەو ناوچانە تایبەتن و ئاستی رۆشنبیری خەڵكەكەی لە ناوچەكانی دیكەی باكور جیاوازە، بەڵام بە گشتی ئەو ناوچەیە لە ژێر كاریگەری پێكدادان و ململانێ سیاسیەكاندایە كە بە تەنها خەڵكی ناوچەكان باجەكەی دەدەن"، لەوبارەیەوە رونیكردوەتەوە "جێی قبوڵكردن نیە ئەو ناوچانە لەژێر هەڕەشەی چەقۆی ململانێ سیاسیەكان و خواستە نەرێنیە نێودەوڵەتیەكاندا بێت".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "سەقامگیری عێراق پابەندە بە سەقامگیری ئەو ناوچانەوە، سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی كشانەوە و كەمبونەوەی چەكدارانی داعش و جموجوڵەكانیان كۆنترۆڵدەكات، ئەو كارەش لە بەرژەوەندی وڵاتە و دەستكەوتێكی گەورە دەبێت بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، كە سەروەری دەستور پیشان دەدات و یاسا دەبێتە تاكە نازناوی وڵات".

مەحما خەلیل دەڵێت "هیوای زۆریان بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەیە كە پێشتریش هەنگاوی ئەرێنی ناوە، ئەو هەنگاوانەش گوزاشت لە ویستە ئاشتیخوازانەكەی دەكات بۆ هەمو توێژەكانی گەل بێ جیاوازی دین و نەتەوە و كەمینە بون یاخود بە پێچەوانەوە، ئەوەش هاندەرە تا داوا لە عەبدولمەهدی بكەین بە شێوەیەكی رون و بە هاوكاری سەرجەم لایەنەكان چارەسەر بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە".

خەلیل داوایكردوە، لە پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ئەو ناوچانەدا "پشت بەو بڕگە یاسایی و دەستوریانە ببەسترێت كە تا ئێستاش كارایە، بەڵام چاوەڕوانی خستنە بواری جێبەجیكردن دەكەن، نمونەیەكیش لەو بڕگانە بڕگەی 140ی دەستوری عێراقیە.  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP