ئەمڕۆ لەیلا گیوڤێن رونكردنەوە دەدات
"بڕیارە مانگرتنی دژ بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان كۆتایی پێبهێندرێت"

- 5/24/2019 1:39:00 PM 2544 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای 197 رۆژ مانگرتن لە خواردن دژ بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، بڕیارە ئەمڕۆ لەیلا گیوڤێن لە كۆبونەوەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆتایی بە مانگرتنەكە بهێنێت.

راگەیاندنەكانی توركیا بڵاویانكردەوە، لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە لە رێكەوتی 6ی ئایاری ئەمساڵ لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە بە ئەندامان و لایەنگرانی پارتەكەی راگەیاندبو "هیچ هەنگاوێک نەنێن کە مەترسی بۆ سەر تەندروستی و ژیانیان هەبێت"، بڕیارە ئەمڕۆ لەیلا گیوڤێن، هاوسەرۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده‌)، كۆتاییهێنان بە مانگرتنەكە رابگەیەنێت.

رۆژی دوشەممە 6ی ئایار، عەبدوڵا ئۆجەلان، لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە پەیامێكی لەبارەی دۆخی توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە هەڤاڵ و دۆستەكانی كرد " هیچ هەنگاوێک نەنێن کە مەترسی بۆ سەر تەندروستی و ژیانیان هەبێت"، راشیگەیاند " تەندروست بونی بیر و هۆش و رۆحی هەڤاڵان لەسەروی هەمو شتێکەوەیە". 

عومەر فاروق، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لە ناوچەی كۆجائێلی لەوبارەیەوە رایگەیاند "تا ئێستا بۆ كۆتاییهێنان بە مانگرتنەكان لە خواردن رێكەوتێكی دیاریكراو نەدراوە بە ئێمە، بەڵام ئێمە گەشبینین و پێشهاتی زۆر ئەرێنی لەوبارەیەوە هەیە". 

دوێنێ پێنجشەممە 23ی ئایار، هەریەك لە پارێزەران، رێزان سارجا و نەورۆز ئویساڵ بۆ جاری دوهەم دوای هەڵگرتنی گۆشەگیریەكە چاویان بە ئۆجەلان كەوتوە و لەوبارەیەوە هیچ رونكردنەوەیەكیان نەداوە، بەڵام چاوەڕێدەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكە بخرێتە بەردەم رای گشتی.

حکومەتی تورکیا لە 27ی تەموزی ساڵی 2011ەوە تا 16ی ئایاری 2019 بۆ ماوەی هەشت ساڵ رێگەی نەدا پارێزەرەکانی ئۆجەلان سەردانی دورگەی ئیمراڵی بکەن، تا بڕیاری هەڵگرتنی گۆشەگیریەكەش زیاتر لە 789 جار، داواکاری بینینی ئۆجەلان رەتکراوەتەوە.

بەو هۆیەوە لەیلا گیوڤێن، هاوسەرۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده‌)، لە رێكەوتی 8ی تشرینی دوەمی ساڵی 2018 مانگرتنی لە خواردن راگەیاند و لە ئێستادا ماوەی 197 رۆژە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان مانی لە خواردن گرتوە، دواتر ئەو هەڵوێستە بەناو سەرجەم زیندانیانی توركیادا بڵاوبوەوە و زیندانیانی دیكە مانگرتنەكەیان گۆڕی بە (رۆژوگرتن تا مردن).

رێكەوتی 16ی ئایاری ئەم مانگە عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بڕیاری گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەگەڵ پارێزەرەکانی هەڵگیراوە، ئاماژەی بەوەشكرد "سەڕەڕای ئەوەی بڕیارەكە هەڵگیراوە، بەڵام سنور و چوارچێوەی چاوپێكەوتنەكان بە شێوەیەكی ورد لە لایەن یاساوە رێكخراوە".
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP