بەپەلە

پارتی كرێكارانی بریتانیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات

- 5/24/2019 1:05:00 PM 2159 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی تێریزا مەی، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا و سەرۆكی پارتی پارێزگاران دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە راگەیاند، سەرۆكی پارتی ئۆپۆزسیۆن داوادەكات هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت.

جێرێمی كۆربین، سەرۆكی پارتی كرێكارانی بریتانیا، كە پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە، ئەمڕۆ هەینی ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر داوایكرد "هەڵبژاردنی پێوشەخت ئەنجامبدرێت"، ئەوەش چەند خولەكێك دوای دەستلەكاركێشانەوەی تێرێزا مەی، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە دێت.

كۆربین نوسیویەتی "هەركەسێكی دیكە ببێتە سەرۆكی پارتی پارێزگاران، دەبێت رێگە بە خەڵكی وڵات بدات لەبارەی داهاتویانەوە بڕیاربدەن"، راشیگەیاندوە "پێویستە ئەو بڕیارە لە رێگەی هەڵبژاردنێكی گشتی بەپەلە و پێشوەختەوە بە ئەنجام بگەیەندرێت".

سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكەی مەی، كۆربین ئاماژەی بەوەكردوە "بە دەستهەڵگرتن لە پۆستەكەی، مەی كارە دروستەكەی ئەنجامداوە"، بەپێی وتەكانی كۆربین "تێرێزا مەی دوای چەند مانگ لەوە تێگەیشتوە كە نە خۆی و نە پارتە پەرتەوازەبوەكەی ناتوانن حكومەت بەڕێوەبەرن".

ئەمڕۆ هەینی، تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا بەھۆی شكستهێنانی لە پڕۆسەی كشانەوەی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و رایگەیاند "تا هەڵبژاردنی كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكەی ئەو ئەركە بەڕێوەدەبات".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP