ڤیدیۆ؛ تێریزا مەی بەگریانەوە دەسلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند

- 5/24/2019 12:07:00 PM 7057 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە وتەیەكدا تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند و وتی تا هەڵبژاردنی كەسێكی دیكە پۆستەكە بەڕێوەدەبەم.

ئەمڕۆ تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بەھۆی شكستهێنانی لە پڕۆسەی دەرچونی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، تێریزا مەی لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،"من دوەم خانم بوم لەم پۆستەدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە كۆتا نابم، درێژەپێدەری رێگاكەی كامیرۆن و ئەوانی دیكە بوم و هەوڵمان داوە خزمەتی بریتانیا بكەین، برێكزیت تەنها بۆ چونەدەرەوە لە ئەوروپا نەبوە، بەڵكو بۆ خزمەتكردنی زیاتری وڵات و پاراستنی ژینگە و سەرجەم كەرتەكانی خزمەتگوزاری تر بوە".

تێریزا مەی راشیگەیاند،"هەوڵی تەواوم دا بۆ ئەوەی ئەنجامی گشتپرسیەكەی سەبارەت بە یەكێتی ئەوروپا بەدەستبهێنم، لە رێكەوتی 7ی حوزەیران دەست لە پۆستەكەم دەكێشمەوە، پێویستە ئەو كەسەی دێتە پۆستەكەی من كۆدەنگیەك دروستبكات كە من نەمتوانی دروستی بكەم"

لەبەشێكی دیكە وتەكانیدا، مەی پەشیمانی خۆی دەربڕیی و رایگەیاند،"ئەوەی جێی پەشیمانیەكی گەورەیە بۆ من ئەوەیە كە نەمتوانی رێككەوتننامەی برێكزیت بگەیەنمە ئەنجام، سەربەرزم بەو پێشكەوتنانەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا ئەنجاممان داوە.

سەرۆكوەزیرانی بریتانیا ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەی هەفتەی داهاتودا پارتەكەم كاردەكەن تا سەرۆكێكی نوێ بۆ پارتەكە دابنێن، دڵنیام كە سەرۆكی نوێی پارتی پارێزگاران برێكزیت بە ئەنجام دەگەیەنێت، سەربەرزی ژیانمە كە هەلێكم هەبوە خزمەتی وڵاتەكەم بكەم كە زۆرم خۆشدەوێت"

لە كۆتاییدا رایگەیاند" لەوانەیە سیاسەتەكەمان لەژێر فشاردا بێت، بەڵام زۆر شت هەیە كە جێی ئەوەیە شانازی پێوە بكەین، بریتانیا لە یەكگرتویی خەڵك پێكهاتوە، بێ جیاوازی ئەو باكگراوندانەی لێوەی هاتون، یاخود رەنگی پێستمان، ئێمە لێرە پێكەوە دەوەستین و داهاتویەكی گەشمان هەیە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP