پەرلەمانی كوردستان: بە هیمەتی بارزانی توانراوە رێگە لە پلانی هێرشێکی نەخشە بۆ داڕێژراو بگیرێت

- 5/24/2019 9:28:00 AM 44841 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە هیمەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، توانراوە رێگە لە پلانی هێرشێکی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خانەقین و دوبزو گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکوک بگیرێت.

ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی  لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستانی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى خانەقین و دوبزو گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکوک بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دوای ئەوەی هێرشێکی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خانەقین و دوبزو گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بەزویی هاتۆتە سەر خەت و لێکۆڵینەوەیان لەو هەنگاوە مەترسیدارە کردوە.

ئەو لیژنە پەرلەمانییە دەشڵێت،"بەهیمەتی حەکیمانەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر زو بەدەنگییانەوە هات و بەدانیشتنی لیژنەکەمان لەگەڵ جوتیارانی ئەو گوندانەو بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان توانرا ڕێگە لەو پلانە بگیرێت و بەفەرمانێک ئێستا ڕێگە دەدرێت ئەو جوتیارانە کاری دروێنەی خۆیان بکەن".

لیژنەكە ئاماژەی بەوەشكردوە كە چۆن سەرەتا بەڵێنمان پێدان تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ کە ئەم کێشەیە بەزویی چارەسەر بکەین، بەڵێنی ئەوەشیان پێدەدەین بەزویی لەڕێگەی یاساوە مافەکانیان بپارێزرێن. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP