بەپەلە

سیناتۆرێك: هەڕەشەكانی ترەمپ دژی ئێران بۆ فرۆشتنی بۆمبە بە سعودیە

- 5/23/2019 9:51:00 PM 3635 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سیناتۆرێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئیدارەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا گرژی و ئاڵۆزیەكانی ئێران بەكاردەهێنێت تا لەو رێگەیەوە بتوانێت بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كۆنگرێس بۆمب بە سعودیە بفرۆشێت.

دەیەوێت بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كرنگرێس بۆمب بە سعودیە بفرۆشێت


كریس مورفی، سیناتۆرێكی دیموكراتەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "دەبیستم كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (دەربازگەی نادیار) لە یاسای سنورداركردنی فرۆشتنی چەك بەكاردەهێنێت، تا بتوانێت بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كۆنگرێس بۆمب بە عەرەبستانی سعودیە بفرۆشێت". 

چەند بڕگەیەك رێگە بە ترەمپ دەدات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كۆنگرێس بڕیاربدات


لەوبارەیەوە یاریدەدرانی كۆنگرێس رایانگەیاندوە "چەند بڕگەیەك لە یاسای سنورداركردنی فرۆشتنی چەك لەسەر بنەمای مامەڵەی چەكە نێودەوڵەتیەكان، لەكاتی هەبونی مەترسی نیشتیمانیدا رێگە بە سەرۆكی وڵات دەدات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كۆنگرێس بڕیاری فرۆشتنی چەك بدات".

گرژەیكانی نێوان ئێران و وڵاتەكەی بۆ ئەو مەبەستە بەكاردەهێنێت


ئاماژەیان بەوەشكردوە، لەم كاتەدا، ترەمپ گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و وڵاتەكەی وەك هۆكارێك بەكاردەهێنێت، تا بتوانێت لەو رێگەیەوە چەك بە سعودیە بفرۆشێت، كە بە بۆچونی ترەمپ ئەو وڵاتە لە ناوچەكەدا هاوپەیمانێكی گرنگی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە، هاوكات ترەمپ فرۆشتنی چەكی بە سعودیە وەك رێگەیەك بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ ئەمریكیەكان ناوبردوە.

كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران ئەو بڕیارە رەتدەكەنەوە


لە ئەگەری رودانی ئەو وتانەی مۆرفی-دا، لە لایەن هەریەك لە كۆماریەكان و دیموكراتەكانی كۆنگرێس بەرهەڵستی لێدەكەوێتەوە و تەنانەت ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەش كە ئەندامانی كۆماریەكان لەو ئەنجومەنەدا كەمینە پێكدەهێنن بەرامبەر ئەو بڕیارە دەوەستنەوە. 

بە هۆی جەنگی یەمەنەوە كۆنگرێس بڕیاری فرۆشتنی چەكی راگرتوە


ئەوە لەكاتێكدایە، كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە هۆكاری مەترسیەكانی كوشتنی خەڵكی سیڤیل لە یەمەن، ماوەی چەند مانگێكە فرۆشتنی بۆمب و چەكی جەنگی راگرتوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP