پارتی و یەكێتی پەیوەندی ژێربەژێری یەكتری لەگەڵ راكان جبوری پشتڕاستدەكەنەوە
سەرچاوەیەك: پارتی دەیەوێت هەمان سیناریۆی پارێزگای موسڵ لە كەركوك دوبارەبكاتەوە

- 5/23/2019 9:23:00 PM 40864 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەبونی پەیوەندی لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك رەتدەكەنەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنیش بۆ خەندان رایدەگەیەنێت، ماڵی راكان جبوری لە هەولێرە، كەمال كەركویش ئەو هەواڵە بە پروپاگەندە لەقەڵەم دەدات و ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش رێكەوتنی پارتی لەگەڵ توركیا و قەتەرو ئێران و سونەكان بۆ دەرهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەژێر دەستی یەكێتی بۆ خەندان ئاشكرا دەكات. لەم راپۆرتەدا خەندان لە چەندین سەرچاوەی ناو یەكێتی و پارتی و دەرەوەی ئەو هێزانە، ئاستی پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك بۆ خوێنەرانی خستۆتەرو.

رێككه‌وتنێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌كو چۆن توانیمان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی و هاوپەیمانی بنیاتنان سه‌ر به‌ هادی ئەلعامری و حه‌شدی شه‌عبی پارێزگاری موصڵ وه‌ربگرین، ئێستا وا كار ده‌كه‌ین بۆ كۆنترۆڵكردنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ یارمه‌تی هاوبه‌شه‌كانمان

 

رۆژی 20-5-2019 له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا  له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی الشرقیه‌، ئه‌حمه‌د جبوری ناسراو به‌ ئه‌بو مازن سه‌ركرده‌ له‌ ته‌حالوفی میحوه‌ری وه‌ته‌نی، ئاشكرایكرد "رێككه‌وتنێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌كو چۆن توانیمان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی و هاوپەیمانی بنیاتنان سه‌ر به‌ هادی ئەلعامری و حه‌شدی شه‌عبی پارێزگاری موصڵ وه‌ربگرین، ئێستا وا كار ده‌كه‌ین بۆ كۆنترۆڵكردنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ یارمه‌تی هاوبه‌شه‌كانمان". لە بارەی پەیوەندی نێوان پارتی لەگەڵ پارێزگاری ئێستای كەركوك، سەرچاوەیەک کە لەبەر ھۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی بھێنرێت گومان دەخاتە سەر پەیوەندی ڕاکان جبوری پارێزگاری ئێستای کەرکوک و پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆ خەندان باسی ھەندێ زانیاری گرنگی كرد.

راكان جبوری ماڵی له‌ هه‌ولێره‌ و پەیوەندی ئه‌منیی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه

 

ئەو سەرچاوەیە لەبەرایی زانیارییە تایبەتیەکانی بۆ خەندان وتی،"راكان جبوری ماڵی له‌ هه‌ولێره‌ و پەیوەندی ئه‌منیی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه".‌

سەبارەت بەو پرسە، لە گفتوگۆیەكدا كە شەوی رابردو لە خەندان بڵاوكرایەوە، د.كەمال كەركوكی،  ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هاوكات سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە پارتی هیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ راكان جبوری نیە.

كەمال كەركوكی: راكان جبوری سەپێنراوە، وەکو پارێزگار نایناسین و بەناوی پارێزگار ھیچ مامەڵەى لەگەڵدا ناکەین

 

كەمال كەركوكی رایگەیاند،"ئێمە دەیبنین ئەو سەپێنراوە، وەکو پارێزگار نایناسین و بەناوی پارێزگار ھیچ مامەڵەى لەگەڵدا ناکەین". 

لەبارەی بونی ماڵی راكان جبوری لە هەولێر وتی،"ئەوە پڕوپاگەندەیە، دورە لە ڕاستی".

هه‌ریه‌ك له‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر و ئه‌بو مازن و فالح فه‌یاز و مەسعود بارزانی یەکلاکەرەوەبون له‌ رێككه‌وتنی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ موصڵ كه‌ سه‌ر به‌ بزوتنەوەی عەتا بوه

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی سەرچاوە تایبەتەكەی خەندان،"هه‌ریه‌ك له‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر و ئه‌بو مازن و فالح فه‌یاز و مەسعود بارزانی یەکلاکەرەوەبون له‌ رێككه‌وتنی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ موصڵ كه‌ سه‌ر به‌ بزوتنەوەی عەتا بوه و‌ له‌لایه‌ن ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسه‌وه‌ به‌ پشتیوانیی پارتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدكرا و هه‌ڵبژێردرا، لەوبارەیەشەوە كەمال كەركوكی رێكەوتنەكەی رەتنەكردەوەو رایگەیاند،" پارتی دامەزراوەیە بۆ كاركردن ڕێگای تایبەتی خۆی هەیە و دەزانێت چۆن كار دەكات".

راكان جبوری، له‌سه‌ر هه‌مان ته‌وه‌ری ئه‌بو مازن و  مەسعود بارزانی كار ده‌كات

 

هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە کەرکوکەوە بۆ خەندان وتی،"راكان جبوری، له‌سه‌ر هه‌مان ته‌وه‌ری ئه‌بو مازن و  مەسعود بارزانی كار ده‌كات".

راكان یەكێكە لەو كەسانەی كەركوكی شێواندوە و خاوەنی عەقڵیەتێكی كۆنە و بەناوێكی تازەوە حوكمڕانی دەكات

 

سەبارەت بە هەبونی پەیوەندی لەنێوان پارتی و یەكێتی لەگەڵ راكان جبوری، سیروان كوێخا نەجم، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە خەندان-ی رایگەیاند،"رەنگە لەسەر ئاستی كەسی پەیوەندی هەبێت لە نێوان هەندێك سەركردەكانی كورد لەگەڵ راكان جبوری، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی هیچ پەیوەندیەكی راست و دروست لەگەڵ راكان نیە، و راكان یەكێكە لەو كەسانەی كەركوكی شێواندوە و خاوەنی عەقڵیەتێكی كۆنە و بەناوێكی تازەوە حوكمڕانی دەكات".

پارتی یەكێكە لە هۆكارەكانی هەڵنەبژاردنی پارێزگاری كەركوك، كە بەشێك لە ئەنجومەنەكە پارتین و ئەندامەكانیان نایەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێكی كورد هەڵبژێردرێت

 

سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی كە پارتی نایەوێت تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارێزگارێكی نوێ لە كەركوك هاوشێوەی موسڵ هەڵبژێردرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سونەكان رێكەوتنی كردوە، سیروان كوێخا نەجم وتی،"من نازانم بەرامبەر دانانی پارێزگاری موسڵ پارتی رێكەوتنی كردوە یان نا، بەڵام پارتی یەكێكە لە هۆكارەكانی هەڵنەبژاردنی پارێزگاری كەركوك، كە بەشێك لە ئەنجومەنەكە پارتین و ئەندامەكانیان نایەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێكی كورد هەڵبژێردرێت".

كەركوك بەشی هەرە زۆری جەماوەرەكەی و دەسەڵاتەكانی هی یەكێتی بون، بۆیە پارتی نایەوێت جارێكی دیكە ئەو دەسەڵاتەی یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك

 

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی،"واقعەكە دیارە لەبەر چاوی خەڵك، بۆچی پارێزگاری موسڵ هەڵدەبژێردرێت، بەڵام كەركوك هەڵنابژێردرێت، لەبەر ئەوەی كەركوك بەشی هەرە زۆری جەماوەرەكەی و دەسەڵاتەكانی هی یەكێتی بون، بۆیە پارتی نایەوێت جارێكی دیكە ئەو دەسەڵاتەی یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك".

ئێمە لێرە دەژین و کەرکوکمان جێنەهێشتوە، چەندین هەوڵیشمان داوا بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەن بێنەوەو ئەنجومەنی پارێزگاکە کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد هەڵبژێرین

 

لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە هەبونی پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ راكان جبوری، پارێزگاری ئێستای كەركوك، رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"یەکێتی نیشتیمانی هیچ جۆرە رێککەوتنێکی لەگەل پارێزگاری کەرکوک نییە، ئەوەی هەیە زیاتر مامەڵەی رۆژانەیە، چونکە ئێمە نیوەی زیاتری دەنگی کەرکوکمان هەیە، بۆیە ناچارین لەگەل ئیدارەی شارەکە مامەڵەمان هەبێت. ئێمە لێرە دەژین و کەرکوکمان جێنەهێشتوە، چەندین هەوڵیشمان داوا بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەن بێنەوەو ئەنجومەنی پارێزگاکە کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد هەڵبژێرین."

ئەندامانی ئەنجومەن ئەوانەی کەرکوکیان جێهێشتوەو چونەتە هەولێر مانگانە دێن موچەو نەسریەکانیشیان وەردەگرن، بەڵام هیچ دەوامێک ناکەن بۆ ئەوەی راکان جبوری لە دەوام بمێنێتەوە و ئەو حوکمڕانی شاری کەرکوک بێت

 

رەوەند مەلا مەحمود وتیشی،"لە هەموو شوێن و جومگەکان پارتی دەوام دەکات لە قەزاو ناحیەکان، لە پۆلیس لە پەروەردە لە ئۆڵمپی و لە هەمو شوێنەکان کادرەکانی پارتی لە کەرکوک دەوام دەکەن، تەنها لە ئەنجومەنی پارێزگا ئەندامەكانیان دەوام ناکەن، ئەوەش لەبەر ئەوەی نەکا پارێزگارێکی کورد لە شارەکە دیاری بکرێت. ئەندامانی ئەنجومەن ئەوانەی کەرکوکیان جێهێشتوەو چونەتە هەولێر مانگانە دێن موچەو نەسریەکانیشیان وەردەگرن، بەڵام هیچ دەوامێک ناکەن بۆ ئەوەی راکان جبوری لە دەوام بمێنێتەوە و ئەو حوکمڕانی شاری کەرکوک بێت."

پارتی بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی یەکێتی لە شارەکە دەستبەکار نەبێت بۆیە ئەم یارییە دەکات

 

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، "هیچ رێکەوتنێکی سیاسی نیە لە نێوان ئێمە و پارێزگاری کەرکوک، بەلام پارتی بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی یەکێتی لە شارەکە دەستبەکار نەبێت بۆیە ئەم یارییە دەکات".

ھەریەکە لە  قه‌ته‌ر و توركیا و ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی تیادایە و خوازیاری ئەوەن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت، ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌ن و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك دا بگرن و به‌ یه‌كجاریی ئه‌و پۆسته‌ له‌ كورد و لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وه‌ربگرنه‌وه‌

 

لای خۆیەوە سەرچاوەكەی خەندان ئەوەشی ئاشكراكرد"کۆدەنگیەک ھەیە لە لایەن کۆمەڵێک جەمسەری جیاوازەوە کە ھەریەکە لە  قه‌ته‌ر و توركیا و ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی تیادایە و خوازیاری ئەوەن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت، ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌ن و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك دا بگرن و به‌ یه‌كجاریی ئه‌و پۆسته‌ له‌ كورد و لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وه‌ربگرنه‌وه‌".

كەمال كەركوكی: یەکێتی خۆی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستى خۆی دەرھێنا و، پێویست ناکات پارتی ھیچ ھەوڵ بدات و ڕێکكەوتنی بۆ بکات

 

لە وەڵامی ئەو سەرچاوە تایبەتەی خەندان. د.كەمال كەركوكی رایگەیاندبو،"یەکێتی خۆی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستى خۆی دەرھێنا و، پێویست ناکات پارتی ھیچ ھەوڵ بدات و ڕێکكەوتنی بۆ بکات".

پارتی زۆر گەرمو گوڕە لەدانانی پارێزگاری نەینەوا، بەڵام کە دێتە سەر کەرکوک بەهەر جۆرێک بێت خۆی لە کەرکوک دەشارێتەوە، وەپێی وایە ئەگەر لە کەرکوک پارێزگار دابنرێت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەبێت، بۆیە نایەوێت پارێزگارێکی کورد لە شارەکە دابنرێت

 

هەر سەبارەت بەو زانیارییەی سەرچاوەكەی خەندان، رەوەند مەلا مەحمود، جێگری مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وتی،"پارتی لە ئێستاداو دەمێکیشە لەگەڵ سونەکان لەسەر خەتە و ئێمە ئاگادارین بەوەی خەمیس خەنجەر هاتوچۆی هەولێر دەکات، جگە لەوە بەشێکی زۆری سەرۆک هۆزە عەرەبە سونەکان کە هەندێکیان لە دەسەڵاتن و لە بەغدا قاچاغن و هەندێکیشیان ئەم سنورانەیان جێهێشتوەو لە هەولێر نیشتەجێن، دەشبینین پارتی زۆر گەرمو گوڕە لەدانانی پارێزگاری نەینەوا، بەڵام کە دێتە سەر کەرکوک بەهەر جۆرێک بێت خۆی لە کەرکوک دەشارێتەوە، وەپێی وایە ئەگەر لە کەرکوک پارێزگار دابنرێت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەبێت، بۆیە نایەوێت پارێزگارێکی کورد لە شارەکە دابنرێت".

دەچن وەزیر دادەنێن لە بەغداد، جێگری سەرۆکوەزیران دادەنێن، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دادەنێن، بەڵام کە دێتە سەر کەرکوک پارتی ئامادەنین کارێک بکەن کەرکوک بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی

 

وتیشی،"دەبینین ئێستا کەرکوک چۆنە و داگیرکەری هەیە، پارتی دەچن وەزیر دادەنێن لە بەغداد، جێگری سەرۆکوەزیران دادەنێن، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دادەنێن، بەڵام کە دێتە سەر کەرکوک ئامادەنین کارێک بکەن کەرکوک بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، چونکە باوەڕیان بە کەرکوک نیە".

دەبینین کاک مەسعود خۆی نوێنەرەکانی دەنێرێت بۆ بەغداد بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت کەرکوکییەک بکرێت بە وەزیر بەتایبەت ئەگەر یەکێتی بێت و کەرکوکی بێت

 

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێیوایە پارتی بۆ ئەوەی دژایەتی یەکێتی و کەرکوکییەکان بکات هەمو رێککەوتنێک دەکات و وتی، "دەمێکە من ئەو بۆچونەم دەربڕیوە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر کەرکوکییەک بکرێت بە وەزیری داد رەنگە بەشێکی زۆری ئەم کێشانە لەکۆڵ ببێتەوە کەکێشەی زەویە کشتوکاڵیەکان بو، بەلام دەبینین پارتی هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەتی عێراقی دەکات و دەبینین بە ئاشکرا دژایەتی دەکات، دەبینین کاک مەسعود خۆی نوێنەرەکانی دەنێرێت بۆ بەغداد بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت کەرکوکییەک بکرێت بە وەزیر بەتایبەت ئەگەر یەکێتی بێت و کەرکوکی بێت".

سیروان كوێخا نەجم رێكەوتنی پارتی لەگەڵ سوریا و توركیا و قەتەرو سونەكان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەژێر دەستی یەكێتی دەربهێنێت پشتڕاستكردەوە

 

لەلایەكی دیكەوە سیروان كوێخا نەجم رێكەوتنی پارتی لەگەڵ سوریا و توركیا و قەتەرو سونەكان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەژێر دەستی یەكێتی دەربهێنێت پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند كە "زانیاری هەیە و راستە".

دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش زۆر زەحمەت دەبێت كوردێك بكرێتە پارێزگاری كەركوك

 

بەبڕوای سیروانی كوێخا نەجم تا هەڵبژاردنەكان هیچ كوردێك ناكرێتە پارێزگاری كەركوك و وتی،"پێموایە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش زۆر زەحمەت دەبێت كوردێك بكرێتە پارێزگاری كەركوك، بەڵام تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هیچ كوردێك نابێتە پارێزگاری كەركوك".

بەشێوەیەكی گشتی پارتی لەگەڵ سونەی عەرەب پەیوەندیەكی پتەوی هەیە

 

سەبارەت بە رێكەوتنی خەمیس خەنجەر یەكێك لە كەسایەتیە دیارەكانی سونەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سیروان كوێخا نەجم وتی،"وەكو خەمیس خەنجەر نازانم، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پارتی لەگەڵ سونەی عەرەب پەیوەندیەكی پتەوی هەیە". وتیشی،"ئایندەی كەركوك زۆر خراپ دەبینم، لە داهاتوشدا هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".

کەمال کەرکوکی: بارودۆخی کەرکوك زۆر زۆر جودایە لەگەڵ نەینەوا، کەرکوك  بە پێی مادەی 140 پارێزگایەکە کێشەی لەسەرە

 

لەبەرامبەردا کەمال کەرکوکی رایگەیاند،"بارودۆخی کەرکوك زۆر زۆر جودایە لەگەڵ نەینەوا، کەرکوك  بە پێی مادەی 140 پارێزگایەکە کێشەی لەسەرە،  دەبێ 1- ئاسایی بکرێتەوە 2- سەرژمێريی تێدا ئەنجام بدرێ و ئەوجا گشتپرسيی تێدا ئەنجام بدرێ بۆ یەكلاكردنەوەی ئیدارەی کەرکووك تا دانیشتوانەکەی دەنگ بدەن ئایا لەگەل بەغدا دەبن یان لەگەڵ ھەرێم". 

پارتی بە ئەنقەست و بەرێککەوتن لەگەل سونەی عەرەب و تورکیا، نایەوێت ئەم بابەتە سەر بگرێت و ئەیەوێت ئەم نەزیفە لە کوردا بەردەوام بێت

 

رەوەند مەلا مەحمود رایگەیاند، "پارتی بە ئەنقەست و بەرێککەوتن لەگەل سونەی عەرەب و تورکیا، نایەوێت ئەم بابەتە سەر بگرێت و ئەیەوێت ئەم نەزیفە لە کوردا بەردەوام بێت، تا ئەو کاتەی کەرکوک لەدەست دەدرێت، بۆیە یەکێتی دەبێت بیر لە چارەسەرێک بکاتەوە، تا ئەو کاتەی لەهەڵبژاردنی داهاتو سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، ئیتر دەبێت یەکێتی ئەو رەوشەی ئێستا هەیە لە رێگەی پەرلەمانتارەکانیەوە چارەسەری بکات، دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە داهاتودا لە ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری کێشەی کورد لە شارەکە بکات".

هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی موسڵ، مەنسور ئەلمەرعید، ئەنجامی رێككەوتنێكی نێوان فالیح ئەلفەیاز و مەسعود بارزانیە و ئێرانیش بە داڕێژەری سەرەكی ئەو رێككەوتننامەیە دانراوە

 

هەر بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆییەی خوارەوە، هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی موسڵ، مەنسور ئەلمەرعید، ئەنجامی رێككەوتنێكی نێوان فالیح ئەلفەیاز و مەسعود بارزانیە و ئێرانیش بە داڕێژەری سەرەكی ئەو رێككەوتننامەیە دانراوە، كەناڵی شەرقیە ئەوەشی بە سەرەتای سەرهەڵدانی فیتنەیەكی موسڵی و عێراقی و تەنانەت كوردیش لەقەڵەمداوە.

 

دۆخی كەركوك لەماوەی دوای 2003 تاكو ئەمڕۆ، هیچ كاتێك هێندەی ئێستا خراپ نەبوە و ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتیش لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك مەترسی گەورە لەسەر ئایندەی كورد لە شارەكە دروست دەكات

 

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، دۆخی كەركوك لەماوەی دوای 2003 تاكو ئەمڕۆ، هیچ كاتێك هێندەی ئێستا خراپ نەبوە و ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتیش لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك مەترسی گەورە لەسەر ئایندەی كورد لە شارەكە دروست دەكات، بەڵام ئایا، ئەو دو هێزە سیاسییەی كوردستان كەی دەتوانن بگەنە رێككەوتن لەپێناو هەڵبژاردنەوەی كوردێك بۆ پارێزگاری شارەكە؟

لێدوانی رەواند مەلا مەحمود بۆ خەندان

 

لێدوانی سیروان كوێخا نەجم بۆ خەندان


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP