نرخی نەوتی خاو لە دابەزینی بەردەوامدایە

- 5/23/2019 9:49:00 AM 2307 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی بەرزبونەوەی داتای نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا لە بازاڕەکانی جیهانداو کەمبونەوەی بڕی خواست نرخی نەوتی خاو لە بازارەکاندا دابەزینی بەخۆوەبینی.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 37 سەنت دابەزی، کە رێژەی لەسەدا 0.5 ی نرخەکەی پێشویەتی و بەوەش نرخەکەی کەمبوەوە بۆ 70.62  دۆلار.

هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکی 31 سەنت کەمبوەوە، کە دەکاتە لەسەدا 0.5 نرخی پێشوی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە 61.11 دۆلاردا جێگیربو.

بەپێی پەیمانگای پەتڕۆڵی ئەمریکی سێشەممەی رابردو رایگەیاند، 480.2 ملیۆن بەرمیل لە داتای نەوتی ئەمریکادا هەبوە، بەوەش دەردەکەوێت بڕی 2.4 ملیۆن بەرمیل زیادکراوە،    ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی نرخی نەوت هەبوە. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی بازاڕی نەوت، داواکاری نەوت لە بازاڕەکاندا کەمیکردوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر هاتنەخوارەوەی نرخەکەی هەبوە.

لەلایەکی دیکەوە، سعودیە پابەندبونی خۆی بەراگرتنی باڵانسی نەوت و دابینکردنی لە بازارەکاندا کردەوە، بەڕای شارەزایانی نەوت، ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر دابەزینی نرخی نەوت هەبوە.

لە ماوەی دو مانگی رابردودا بەهۆی قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ئێران و ڤەنزێلا و نائارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن نرخی نەوتی خاو بەرداوام لە بەرزبونەوەدا بوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP