"شەش رۆژە لە زینداندایە و مانی لە خواردن گرتوە"
نەوەى نوێ: باری تەندروستی شاسوار عەبدولواحید ناجێگیرە

- 5/23/2019 8:38:00 AM 16850 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

سەرۆکى فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەیان زیاتر لە شەس رۆژە لە زیندانی تاکە کەسیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە و مانی لە خواردن گرتوە.

کازم فاروق،  سەرۆکى فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا باس لە رەوشی شاسوار عەبدولواحید دەکات و دەڵێت، "ئەمەی یەکێتی لە سلێمانی بەرامبەر بە سەرۆک و ئەندامانی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن دەیکات، سوکایەتیە بە هەموو بەهاکانی دیموکراسی و ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ڕوی جوانی شاری سلێمانییە، کە بە شاری رۆشنبیری و فرە دەنگو رەنگ و رای جیاواز ناسراوە".
شاسوار عەبدولواحید زیاتر لە شەش رۆژە لە زیندانی تاکە کەسیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە 

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "شاسوار عەبدولواحید زیاتر لە شەش رۆژە لە زیندانی تاکە کەسیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە و مانی لە خواردن گرتوە".

16ی ئەم مانگە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چوە بەردەم داوەری لێکۆلینەوەی دادگای سلێمانی و دوای وەرگرتنی وتەکانی دادوەر بڕیاریدا بە راگرتنی و مانەوەی لە زیندان.

بڕیاری دەستگیرکردنەکە دوای ئەوەهات، کە 10ی ئەم مانگە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی پێنج دەستگیرکراوی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە، كە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستگیركرابون.

ئەو گەنجانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکە ئاسایشدا دەرکەوتن رایانگەیاند، لە ژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن، کە راستەوخۆ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەوە بەڕێوەدەبرێت.
کاتی ئەوەیە کە هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و دادوەرەکان و یاساناسان و ڕۆژنامەنوسان رێگە نەدەن دەنگە ئازا و بوێرەکان کپ بکرێت

 

سەرۆکى فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، "کاتی ئەوەیە کە هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و دادوەرەکان و یاساناسان و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکانی تر ئەم سوکایەتیە قبوڵ نەکەن و ڕێگە نەدەن دەنگە ئازا و بوێرەکان کپ بکرێت".

ئەو کەسانەی دانیاناوە بەوەی کە "لە رێگەی ئەو پەیجانەوە هێرشیانکردوەتە سەر کەسایەتیە دیارەکان و بەرپرس و سەرۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان". 

بەڵام دواتر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دانپێدانانی ئەندامەكانی نەوەی نوێ لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە پلان بۆ داڕێژراو بوە و لە سیناریۆیەک زیاتر هیچی دیکە نییە". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP